ئەندامێكی كورد لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاماژە دەكات كە دانیشتنەكانی پەرلەمان دەست پێ بكاتەوە نووسراوی فەرمی دەكەن بۆ بانگهێشتنی پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراق، دووپاتی كردەوە، لێكۆڵینەوە لەوە دەكەین ئاخۆ ئەو پارانە دەدرێتە كامە كۆمپانیا و بانك و خەرجكردنی لە بازاڕ بۆ چ مەبەستێكە.
شێرەوان میرزا، پهرلهمانتاری فراكسیۆنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان له پهرلهمانی عێراق روونی كردەوە، ”ئەوەی هەستمان پێ كردووە ماوەیەكە یان وردتر چەند هەفتەیەكە بانكی ناوەندی عێراق زیاد لە پێویست دۆلار دەخاتە بازاڕ، بۆ نموونە لە هەفتەیەكدا زیاتر لە ملیارێك دۆلاری خستووەتە بازاڕەوە كە ئەو بڕە زۆرە”.
ناوبراو وتیشی، ”ئێمە دەمانەوێت لەگەڵ دەست پێكردنەوەی دانیشتنەكانی پەرلەمانی عێراق لێكۆڵینەوە لەوە بكەین ئاخۆ ئەو پارانە دەدرێتە كامە كۆمپانیا و بانك و خەرجكردنی لە بازاڕ بۆ چ مەبەستێكە، بۆ دیاریكردنی نرخی دۆلارە كە نەیەڵن بەرز ببێتەوە، مەبەستەكە چییە”.
لەبارەی ئەگەری بوونی گەندەڵی لە مەزادەكانی بانكی ناوەندی كە پێشتر لە چەندان راپۆرت ئاماژەی بۆ كراوە، ئەو پەرلەمانتارە روونی كردەوە، تاكو لێكۆڵینەوە نەكەین نازانین و بڕیارە كە بچینەوە پارێزگاری بانكی ناوەندی ئەوانەشی لە مەزادی دراون ئەوانە بانگ بكەین و گوێمان لە روونكردنەوەی ئەوانیش بێت و بزانین ئەو هەموو دۆلار خستنە بازاڕە بۆچییە؟.
ئەو ئەندامەی فراكسیۆنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان دووپاتی كردەوە، هەر دانیشتنەكانی پەرلەمان دەست پێ بكاتەوە نووسراوی فەرمی دەكەین بۆ بانگهێشتنی پارێزگاری بانكی ناوەندی و زانینی كێشەكان بەمەبەستی رێكخستنەوەی كارەكان.