چاوەڕوان دەكرێت لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا دوو پێشانگەی نێودەوڵەتی لە هەولێر بكرێتەوە، زیاتر لە 160 كۆمپانیای چەند وڵاتێكی ناوچەكە بەشداری بكەن. رێكخەری پێشانگەكانی هەولێر دەڵێ، یەكێكیان لەسەر پلاستیك و پترۆكیمیای، ئەوەی تریشیان لەسەر جلوبەرگی و بەرگدووری دەبێت.
ئەمڕۆ شەممه 31ی ئاب، محەمەد شەریف رێكخەری پێشانگە نێودەوڵەتییەكانی هەولێر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا دوو پێشانگەی نێودەوڵەتی لەناو پاركی سامی عەبدولرەحمان دەكرێنەوە.
لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا، محەمەد شەریف روونی كردەوە رۆژی چوارشەمی دادێ، حەوتەمین پێشانگەی نێودەوڵەتی هەولێر بۆ پلاستیك و پترۆكیمیاویات و ریساكلینی كاغەز دەكرێتەوە، هاوكات رۆژی شەموو كە دەكاتە حەوتی ئەیلوول، پێشانگەی نێودەوڵەتی هەولێر بۆ جلوبەرگ و بەرگدووری و ئێكسسوارات و پێست و پێڵاو دەكرێتەوە.
زیاتر وتی “164 كۆمپانیای جیاوازی وڵاتانی میسڕ، عێراق، ئێران، كوێت، چین، ئیمارات و توركیا، بەشداری لە هەردوو پێشانگەیەكە دەكەن”.
جێی باسە ساڵانە چەندان پێشانگەی نێودەوڵەتی لە بواری جیا جیا لە هەولێر دەكرێنەوە، هاوكات لە سلێمانی و دهۆكیش بە بەردەوامی پێشانگەی نێودەوڵەتی لە ئاستی هەموو سێكتەرەكان دەكرێنەوە، بوونی ئەو پێشانگەیانەش هۆكارێكی گرنگ بووە لە بەردەوامی جموجۆڵی ئابووری و بازرگانی لەنێوان كۆمپانیاكانی هەرێمی كوردستان و وڵاتانی بەشدار لە پێشانگەیەكان.