وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بوژاندنەوەی کەرتی کشتوکاڵ و رەخساندنی هەلی کار، زەوییە کشتوکاڵییەکانی خۆی دەداتە دەرچوانی کۆلێژەکانی کشتوکاڵ تاوەکو بەپێی پسپۆرییان کاری تێدا بکەن.
بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان بە روداوی راگەیاند “لە وەزارەتی کشتوکاڵ کۆمەڵێک زەوی کشتوکاڵیمان هەیە نامانەوێت بەو جۆرەی ئێستا بمێنن، پرۆژەیەکمان لەبەردەستتە ئێستا لە وەزارەت کاری لەسەر دەکەین بۆئەوەی میکانیزمێک دابنێین ئەو زەوییانەی موڵکی وەزارەتی کشتوکاڵن و بە شێوەیەک بیدەینە دەرچوانی کۆلێژەکانی کشتوکاڵ تاوەکو کاری تێدا بکەن، بۆئەوەی هەم سود لە بەروبومەکانی وەربگرین هەم سود لە پسپۆڕی ئەو دەرچوانە وەربگرین بۆ بوژاندنەوەی کەرتی کشتوکاڵ.”
بێگەرد تاڵەبانی وتیشی “پرۆژەکە دو ئامانجی هەیە، یەکەمیان: رەخساندنی هەلی کارە بۆ دەرچوانی زانکۆ، دوەمیان بوژاندنەوە و سود وەرگرتن لەو زەویانەو پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ و زیادکردنی بەروبومی ناوخۆیە.”
دەربارەی شێوازی دابینکردنی زەوییەکان بۆ دەرچوانی زانکۆ و شێوازی کارکردن و میکانیزمی مامەڵەکردن لەگەڵیاندا، وەزیری کشتوکاڵ رایگەیاند “لە چەند رۆژی ئایندە ئەنجومەنی راوێژکاری وەزارەت کۆدەبینەوە بۆئەوەی میکانیزمی گونجاو دابنێین بە چ شێوازێک زەوییەکان بدەین بە دەرچوان و چۆن کاریان تێدابکرێت. کار بۆ ئەوەش دەکەین دوای کارکردن لەو زەوییانەدا میکانیزمێک دابنێین بەروبومەکان ساغبکرێنەوە و لە ئێستاوە هەوڵدەدەین بازاڕیان بۆ دابین بکەین.”