دابەزینی نرخی زێر خواستی هاوڵاتیان بۆ كرینی زیادیكردوە

ماوەی چەند رۆژێكە نرخی زێر لە بازارەكانی جیهان و هەرێمی كوردستان دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوەو لە گەڵیشدا خواستی كرینی هاوڵاتیانیش بۆ ئەو كانزایە زیادیكردوە
لەئێستاشدا نرخی یەك مسقاڵ زێڕی عەیارە 21 بە لە 290 هەزار دینارەوە بۆ 260 هەزار دینار دابەزیوەو نرخی یەك مسقاڵ زێری عەیارە 18یش گەیشتۆتە 217 هەزار دینار كەپێشتر ئەو نرخە  250 هەزار دیناربووە بۆ هەر مسقاڵێك  
لەلایەكی دیكەوە  ئەنجومەنی زێری جیهانی لەدواین بە یاننامەی خۆیدا دابەزینی نرخی جیهانی زێر بۆ بوونی فێڵ و تەڵەكەبازیەك گەراندەوە كە لەلایەن كۆمەڵێك لە مامەڵەكارانی ئەو كانزایەوە ئەنجامدراوەو ئامانجیان تێكدانی بۆرسەو دەستخستنی قازانجێكی زۆر بووە لە ماوەیەكی كەمدا 
 ئەوەی تێبینیكراویشە  لە ئێستادا بازرگانانی هند و چین و ژاپۆن بە برێكی زۆر زێر لە بازارەكانی كەنداو دوبەیدا دەكڕن تا رادەی ئەوەی برێكی زۆری لە بازاڕەكاندا لێ‌ نەماوە 
 بەوتەی شارەزایانی ئەو بوارەش  دابەزینی نرخی زێڕ كاتیە‌و دوای چارەسەركردنی قەیرانی دارایی چەند وڵاتێك  نرخەكەی بەرزدەبێتەوە 
هەروەك دابەزینیشی بۆ دوو بۆچون دەگێرنەوە كە یەكەمیان فرۆشتنی یەدەگی زێڕە لەلایەن قوبرسەوە بەهۆی قەیرانی داراییەوەو، دووەمیشیان فرۆشتنی 125 تەن زێڕە لەلایەن یەكێك لە بانكەكانەوە.