شاندێکی بازرگانی ئەڵمانیا روو لە کوردستان دەکەن

سبەی ژمارەیەك لە كۆمپانیای ئەڵمانی دێن بۆ هەولێر بەمەبەستی نیشاندانی بەرهەمەكانیان و گرێبەست كردن لەگەڵ كۆمپانیا و بازرگانی هەرێمی كوردستان.

ئەمڕۆ سێشەممه‌ 27ـی ئاب، ئەسكەندەر محەمەد بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی ژووری بارزگانی هەرێمی كوردستان بە “وشە”ـی ڕاگەیاند، بڕیارە سبەی شاندێكی ئەڵمانیا كە ‌15 كۆمپانیای ئەڵمانی لەخۆ دەگرێت، دێنە هەرێمی كوردستان و لە ژووری بازرگانیی هەرێمی كوردستان كەتەلۆگی كەلوپەلەكانی خۆیان لە پێشانگایەكدا بۆ خەڵكی كوردستان و كۆمپانیا ناوخۆیییەكانی هەرێمی كوردستان نمایش دەكەن.

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی ژووری بازرگانی وتی، ئامانج لە كردنەوەی ئەو پێشانگایە بۆ ئەوەیە هاووڵاتییان بەرهەمەكان ببینێت و دواتر گرێبەستیان بۆ كڕینی كەلوپەلەكانیان لەگەڵ بكرێت، ئەمەش یەكەم جارە ئەو كارە بكرێت.

دووپاتی دەکاتەوە، ئەو كۆمپانیایانەی دێنە هەرێمی كوردستان بەرهەمەكانیان جۆراوجۆرن ئەمەیش پێشكەوتنێكی گەورە ‌بوو لە بواری ئابووریی هەرێمی كوردستاندا، چونكە سێ ساڵ بوو هەوڵمان دەدا تا پرۆتۆكۆلەكە جێبەجێ بكرێت.

دوای تێپەڕاندنی تەنگەژەی دارایی هەرێمی كوردستان جارێكی تر كۆمپانیا بیانییەكان ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووەتەوە بەمەبەستی بازرگانی و وەبەرهێنان.