بڕیارە لەم هەفتەیەدا وێستگەی كارەبای هەڵمیی خەبات بەشێوەی تێست بەگەڕ بخرێت كە توانای بەرهەمهێنانی 300 مێگاوات كارەبای دەبێت، ئەوەش بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی كارەبای هەرێم.
وەزارەتی كارەبای هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ یەكشەممە، لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە كە كەمال محەمەد، وەزیری كارەبا لە نوسینگەی تایبەتی خۆی چاوی كەوت بە بەڕێوەبەری پرۆژەی وێستگەی هەڵمیی 300 مێگاواتی خەبات لە كۆمپانیای بۆسكۆی كۆریای باشورو شاندی یاوەری.
هێمای بۆ ئەوەش كرد، لەو دیدارەدا كە هۆگر شاڵی بریكاری وەزارەتی كارەبا و بەڕێوەبەری بەرهەمهێنانی كارەبا ئامادەی بون بەتێروتەسەل باس لە چۆنیەتی تێستكردنی هەردو یەكەی وێستگەی هەڵمیی 300 مێگاواتی خەبات كرا.
هەر بەپێی راگەیەندراوەكە وەزیری كارەبا داوای لەكۆمپانیای ناوبراو كرد چارەسەری سەرجەم گرفت و كێشە تەكنیكی و هونەرییەكانی وێستگەكە بكەن و لەم هەفتەیەدا وەكو تێست هەردو یەكەكە بەگەڕبخەن و بۆ ئەوەش وەزارەتی كارەبا هەمو كارئاسانی و هاوكارییەكیان دەكات لە پێناو بەگەڕخستنی پرۆژەكە.
راگەیەندراوەكە ئاماژەی بەوەدا كە لەلایەن خۆیانەوە شاندی میوان بەڵێنیان پێدان لەم هەفتەیەدا هەردو یەكەكەی وێستگەكە دەخەنە قۆناغی ئەزمونیەوە تاوەكو لەنزیكترین كاتدا ئەم وێستگەیە دەست بەبەرهەمهێنانی كارەبا بكات.
وەزارەتی كارەبا لە رێگەی كۆمپانیای پۆسكۆی كۆرییەوەو لە رێگەی وزەی هەڵمییەوە كار بۆ بەرهەمهێنانی 300 مێگاوات كارەبا لە قەزای خەبات-ی سەربە پارێزگای هەولێر دەكات كە بەپێی قسەی وەزارتەكە بە یەكێك لە پرۆژە گەورەو ستراتیژییەكانی وەزارەتی كارەبا دادەنرێت و بۆ یەكەمجارە لەرێگەی وزەی هەڵمییەوە كارەبا بەرهەم دەهێنرێت.
بەپێی راگەیەندراوەكەی وەزارەتی كارەبا ماوەیەك بو پڕۆژەكە بەهۆی هەندێك گرفتی تەكنیكیەوە كارەكانی دواكەوتبون، لە ئێستادا وەزیری كارەبا دوای چەندین دانیشتن و كۆبونەوە لەگەڵ بەرپرسانی وێستگەكە و كۆمپانیای بۆسكۆی كۆری راستەوخۆ بەدواداچون و چاودێری كارەكانی وێستگەكە دەكات و كار ئاسانی بۆ چارەسەركردنی تەواوی گرفتە تەكنیكی و هونەرییەكان دەكات.