ئێران به‌رنامه‌ی نه‌وت له به‌رانبه‌ر خۆراكی به‌سه‌ردا جێبه‌جێ ده‌كرێت و بۆ یه‌كه‌م جار به‌رپرسێكی حكومه‌تی تارانیش ئه‌و بابه‌ته‌ی پشت‌راست كردوه‌ته‌وه.
دووابه‌دوای توندتر كردنه‌وه‌ی سزاكانی سه‌ر حكومه‌تی ئێران به‌تایبه‌تی سزاكانی سه‌ر سیستمی بانكی ئه‌و وڵاته باس له‌وه‌ده‌كرا حكومه‌تی ئێران به هۆی ئه‌وه‌ی ناتوانێت پاره‌ی فرۆشتنی نه‌وت وه‌ربگرێت له به‌رامبه‌ریدا كاڵا و شمه‌ك له كڕیانی نه‌وته‌كه‌ی وه‌رده‌گرێت.
بۆ یه‌كه‌مجار ئه‌حمه‌د قه‌لعه‌بانی جێگری وه‌زیری نه‌وتی ئێران ئاشكرای كرد وڵاته‌كه‌ی نه‌یتوانیوه 4 ملیار دۆلار پاره‌ی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی خۆی وه‌ربگرێته‌وه بۆیه هه‌وڵیداوه به رێگای هاورده‌كردنی خۆراك و ده‌رمان له‌و وڵاتانه‌ی نه‌وتیان له ئێران كڕیوه ئه‌و قه‌رزانه‌ی وه‌ربگرێته‌وه.
له لایه‌كیتره‌وه سه‌رچاوه‌كانی هه‌واڵ له زاری جه‌واد ئه‌وجی جێگرێكیتر وه‌زیری نه‌وتی ئێران بڵاویان كرده‌وه كه ولاته‌كه‌ی له گه‌ڵ توركمانستان رێكه‌وتوه كه له به‌رامبه‌ر فرۆشتنی گاز به‌و ولاته له جیاتی پاره كاڵا و شمه‌ك هاورده بكات.
پێویسته بوترێت به هۆی سوربوونی ئێران له سه‌ر درێژه‌دان به به‌رنامه ئه‌تۆمیه‌كه‌ی چه‌ندین سزای توند له لایه‌ن ئه‌مریكا و ئه‌وروپا و نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كانه‌وه به سه‌ر ئه‌و وڵاته‌دا سه‌پێنراوه و ئه‌و سزایانه له یه‌ك دوو ساڵی رابردوودا به راده‌یه‌ك توند كراون كه ئابووری ئێرانی رووبه‌رووی قه‌یرانی گه‌وره كردوه‌ته‌وه و به هۆیه‌وه جیا له بێكاری و گرانی و كه‌مبوونه‌وه‌ی ده‌رمان و خۆراك له‌و ولاته، یه‌كه‌ی دراوه‌كه‌شی به‌های خۆی له‌ده‌ستداوه.