وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم بڕیاریدا لەبەرژەوەندی جوتیارانی هەرێم و بەرهەمی ناوخۆ هاوردەكردنی بەرهەمی تەماتە تا كاتێكی نادیار قەدەغە بكرێت.
حسێن حەمە كەریم وتەبێژی وەزەراتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: بۆ پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی و ماندووبونی جوتیاران، بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ بڕیاریداوە لە 1ی ئەیلولی ئەمساڵەوە تا كاتێكی نادیار هاوردەكردنی تەماتە لەدەرەوە قەدەغە بكرێت.
وتیشی: بڕیارەكە لەكاتێكدایە كە بەرهەمی ناوخۆ پێگەیشتوەو لەبەرژەوەندی جوتیارانە بۆ ساغكردنەوەی بەرهەمەكانیان، هەركاتێكیش بەرهەمی ناوخۆ كەمبوەوەو نرخی تەماتە گران بوو، ئەوكاتە بۆ پاراستنی مافی بەكاربەر لەبارەی هاوردەكردنی بەرهەمی تەماتەوە بەپێی پێویستی بازاڕ بڕیار دەدەین.
لەبارەی بەرهەمەكانی تریشەوە، رایگەیاند: ئەمساڵ بەپێی ئەو خشتەیەی دانراوە كاری پێدەكرێت كە باج خراوەتەسەر بەرهەمە هاوردەكان، بەڵام بۆ ساڵی داهاتوو ئەگەر بزانرێت بەرهەمی ناوخۆیی پێداویستی بازاڕ پڕدەكاتەوە هاوردەكردنی هەموو بەرهەمەكان قەدەغە دەكەن و ئەوەشی زیادە بوو لەپێداویستی ناوخۆ بەپیشەسازی دەكرێت.لێدوان