بەغداد موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی رەوانەکرد

به‌ڕێوه‌به‌ری لقی هه‌ولێری بانكی ناوه‌ندیی عێراق رایگەیاند، بڕیاری خه‌رجكردنی پاره‌ی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان گەیشتوەتە دەستیان.

سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتی لقی ھەولێری بانکی ناوەندیی عێراق راگەیاند، ئەمڕۆ بڕیاری خەرجكردنی پارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لە بەغداوە گەیشتوەتە هەرێمی کوردستان.

هاوکات ئاماژەی بەوەشکرد، بەڕێوەبەرایەتیەکەیان پارەكە دەخاتە سەر هەژماری بانكی وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێمی كوردستان بۆ تەواوكردنی موچەی مانگی ئایاری فه‌رمانبه‌ران.

شایەنی باسە بە پێی ئەو سەرچاوەیە چاوه‌ڕوان ده‌كرێت لە هەفتەی داهاتودا موچەی ئەو وەزارەت و دەستانە دابه‌شبكرێت، كه‌ تاوه‌كو ئێستا موچه‌ی مانگی ئایاریان وەرنەگرتوە‌.

جێگای ئاماژەیە وەزارەتی دارایی و ئابوری لەمساڵدا حەوت موچەی فەرمانبەرانی دابەشکردوە، سێ موچەیان هی مانگەکانی ١٠، ١١ و ١٢ی ساڵی رابردو بو، کە بەهۆی “قەیرانی دارایی”یەوە نەدرابو، هەروەها چوار موچەی ئەمساڵیش دابەشکراوە، بەشێکی زۆریش لە فەرمانبەران موچەی مانگی ئایاریان وەرنەگرتوە.