وه‌زیری كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو لە حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی عێراق رایگەیاند، به‌ڵێنی پاراستن و به‌بازاڕكردن به جووتیارانی هه‌رێم ده‌دات و ده‌ڵێت ”ساغکردنەوەی به‌روبوومی جووتیاران ده‌گرینه ئه‌ستۆی خۆمان”.
ئەمڕۆ چوارشەممە ٢١ی ئاب ٢٠١٩ لەمیانی بەڕێوەچوونی وۆرک‌شۆپێک لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی هەولێر رێکخرابوو، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە حکوومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی سازکرد و رایگه‌یاند ”وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ دڵنیایی ده‌داته جووتیارانی هه‌رێمی كوردستان كه به‌وپه‌ڕی تواناوه هه‌موو هه‌وڵه‌كان ده‌خه‌نه‌گه‌ڕ بۆ چوار ساڵی ئاینده بۆ ئه‌وه‌ی كێشه‌ی به‌بازاڕكردنی به‌رهه‌مه‌كانیان و پاراستنی به‌روبوومه‌كانیان ئه‌ركی سه‌ره‌كی ببێت”.
شایەنی باسە تاڵه‌بانی سه‌باره‌ت به پلانه‌كانی وه‌زاره‌ت بۆ په‌ره‌پێدانی به‌رهه‌می ناوخۆیی وتی، “ئه‌م پرسه له ئان و ساتێك‌دا ناكرێت، ئێمه چاومان له‌وه‌شه بابه‌تی پیشه‌سازی به‌تایبه‌ت پیشه‌سازیی خۆراكی په‌ره پێ بده‌ین بۆ ئه‌وه‌ی له لایه‌ك به‌روبوومی جووتیاران بپارێزیت و له ئابووری وڵاته‌كه‌ماندا رۆڵێكی كاریگه‌ری هه‌بێت”.
وه‌زیری كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو وتیشی، ”داواكارین جووتیارانی هه‌رێمی كوردستان نا ئومێد نه‌بن، ئێمه به‌په‌رۆشین به‌روبوومه‌كانیان خراپ نه‌بێت و زیانی لێ نه‌كه‌ن، ئێمه له بواری به‌بازاڕكردن و پیشه‌سازیی خۆراك و پیشه‌سازیی كشتوكاڵی په‌ره به به‌روبوومی جووتیاران ده‌ده‌ین و ئه‌مڕۆ ده‌ستپێكی ئه‌و پلانه‌یه كه ده‌ستمان داوه‌تێ”.
به‌هۆی ساغ نه‌بوونه‌وه و ئه‌و زیانانه‌ی به‌ر به‌روبوومه‌كانی كشتوكاڵی هه‌رێم و به‌شێك له جووتیاران گه‌یشتووه ماوه‌یه‌كه ژماره‌یه‌ك له جووتیاران به گرته‌ی ڤیدیۆیی تێكدان و فڕێدانی به‌روبوومه‌كانیان وه‌ك په‌یامێك بڵاوده‌كه‌نه‌وه و ره‌خنه له سیاسه‌ته‌كانی حكوومه‌ت له‌مه‌ڕ كه‌رتی كشتوكاڵ و بایه‌خ نه‌دان به به‌روبوومی خۆماڵی ده‌گرن.