خاڵی گومرگی سەرزێڕ لە نێوان باكور و باشووری كوردستان لە سنووری شارۆكەی ئامێدی کرایەوە، دەوامی ئاسای پێشتر لە هەفتەیەك دا پێنج رۆژ دەوامی هەبووە، بەڵام دوو روژی تر لەسەر دەوامی ئاسای زیادكرا، بەڕێوەبەری ئەو گومرگەش رای دەگەیەنێ، بەمزووانە كار بۆ نێودەوڵەتی كردنی خاڵی گومرگی سەرزێڕ دەكرێت.
عیرفان سلێمان، بەڕێوەبەری خاڵی گومرگی سەرزێڕ لە شارەدێی كانی ماسی سەر بە شارۆكەی ئامێدی راگەیاند، ماوی زیاتر لە چوار ساڵە خاڵی گومرگی سەرزێڕ دروستكراوە و تا ئێستە دەوامی ئاسایی پێنج رۆژ بوو، لەمڕۆ بەدواوە هەموو روژێك دەبێتە دەوامی فەرمی.
زیاتر روونی دەکاتەوە، سەرزێڕ یەكێكە لە خاڵە گومرگییەکانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا و رۆژانە لە نێوان 700 بو 900 كەس هاتووچۆی تێدا دەكەن، هاتووچۆەكەش زیاتر كۆمەڵایەتیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش بازرگانی سنووردار لە نێوان هەرێم و توركیای لێوە دەكرێت.
پێشتر لە روژی یەكشەم بۆ پێنجشەمان دەوام لە خاڵی گومرگی سەرزێڕ دەكرا، بەڵام ئێستە رۆژانی شەموو و هەینیش دەوامی ئاسایی لێدەكرێت، هەروەها دەوامی زستان رێكەوتی 31ی ئادار بۆ 31ی ئایار لە سەعات 8:30ی بەیانی بۆ 5:00ی ئێوارە دەبێت، دەوامی هاوینانیش لە رێكەوتی 31ی نیسان بۆ 30ی تەمووز لە سەعات 8:30ی بەیانی بۆ 6:00ی ئێوارە دەبێت، عیرافان وای گۆت.
بەرێوەبەری خاڵی گومرگی سەرزێڕ رونیشی كردەوە كە ئێستە كار لەسەر بە نێودەوڵەتی كردنی سەرزێڕ دەكرێت و دووپاتی دەکاتەوە، لە دیوی توركیا حكوومەت لەسەر دروستكردنی رێگاوبان و نێودەوڵەتی كردنی بەردەوامە، بەمزووانە چاوەڕێ دەكرێ بە بڕیاری حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان كار لەسەر نێودەوڵەتی کردنی مەرزەکە بکرێت و دیزاینیشی بۆ كراوە.