وه‌زاره‌تی بازرگانی عێراق ده‌یه‌وێت جگه‌ره‌ی ناوخۆیی به‌سه‌ر هاوڵاتیاندا دابه‌شبكات



له‌ بڕیاریكدا كه‌ مشتومڕی زۆری له‌ ناوه‌نده‌ فه‌رمی و جه‌ماوه‌رییه‌كانی عێراقدا لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌، وه‌زاره‌تی بازرگانی عێراق ده‌یه‌وێت له‌گه‌ڵ به‌شه‌ خۆراكی مانگانه‌دا جگه‌ره‌ به‌سه‌ر هاووڵاتیاندا دابه‌ش بكات.



 له‌وباره‌یه‌وه‌ عه‌لی بدیری، په‌رله‌مانتاری ره‌وتی حیكمه‌ رایگه‌یاند: “وه‌زاره‌تی بازرگانی عێراق ده‌یه‌وێت جگه‌ره‌ی ناوخۆیی به‌سه‌ر هاوڵاتیاندا ساغبكاته‌وه‌ و به‌گوێره‌ی فۆڕمی خۆراك و له‌گه‌ڵ به‌شه‌ خۆراكی مانگانه‌دا بۆ هه‌ره‌ گڵۆزێك “ته‌كه‌یه‌ك” جگه‌ره‌ بڕی 2500 دینار له‌ هاووڵاتیان وه‌ربگیرێت، ئه‌وه‌ش داهێنانێكی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌یه”.



ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی ره‌وتی حیكمه‌ ده‌ڵێت: “پێویسته‌ حكومه‌ت كار بۆ ئه‌وه‌ بكات ماست و شیر و هێلكه‌ و خورما و خۆراكی دیكه‌ی سوودبه‌خشی ناوخۆیی بۆ سه‌ر خوانی هاووڵاتیان زیاد بكات، نه‌ك جگه‌ره‌ و ژه‌هریان به‌سه‌ردا دابه‌ش بكات”.



ناوبراو ده‌ڵێت: “پێده‌چێت ئه‌نجامده‌رانی ئه‌و پرۆژه‌یه‌ و گه‌نده‌ڵكاران هێشتا له‌ مردن و كوشتنی عێراقییه‌كان به‌ بۆمب و هێرشه‌كانی داعش تێریان نه‌خواردبێت، بۆیه‌ پێشنیازی ئه‌م داهێنانه‌ سه‌یر و سه‌مه‌ره‌یان كردووه‌ تا له‌ رێگای فۆڕمی خۆراكه‌وه‌ بیده‌ن به‌ هاووڵاتیان، دوور نییه‌ له‌ داهاتوودا ببینین مادده‌ی هۆشبه‌ریش به‌سه‌ر خه‌ڵكدا دابه‌ش بكرێت، ئه‌گه‌ر بێتو رێگه‌ به‌ گه‌نده‌ڵكاران بدرێت جگه‌ره‌ به‌سه‌ر خه‌ڵكدا دابه‌ش بكه‌ن.



ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌ “له‌ خولی پێشووی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقدا بڕیاردراوه‌ جگه‌ره‌ له‌ دامه‌زراوه‌كانی حكوومه‌تدا نه‌كێشرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ حكوومه‌ت ده‌یكات بۆ دابه‌شكردنی جگه‌ره‌ به‌ناچاری به‌سه‌ر خه‌ڵكدا ته‌واو سه‌یر و پێچه‌وانه‌یه‌”.