زەریف: عێراق گەورەترین هاوبەشی بازرگانی ئێرانە

لە كاتێكدا قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان عێراق و ئێران زیاتر لە 10 ملیار دۆلارە، هەوڵەكانیش بەردەوامن بۆ بەرزكردنەوەی. وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێ، عێراق گەورەترین هاوبەشی بازرگانییە لەگەڵ ئێران و دیپلۆماسیی ئێرانیش لە چالاكی بەردەوامە.

ئەمڕۆ دووشەممه‌ 19ی ئاب، محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێرانی رای گەیاند، عێراق گەورەترین هاوبەشی بازرگانییە لەگەڵ ئێران، دووپاتی لەوەش كردەوە كە دیپلۆماسیی ئێرانی بەردەوامە لە چالاكییەكانی.
 
زەریف لە تویتێكدا لە تویتەری تایبەتی خۆی نووسیویەتی، عێراق ئێستە گەورەترین هاوبەشی بازرگانییە لەگەڵ ئێران، ئەم قسەیەی زەریف لە كاتێكدایە ئێستە قەبارەی ئاڵوگۆڕی بارزگانی نێوان عێراق و ئێران ساڵانە نزیكەی 12 ملیار دۆلاری ئەمەریكییە و ئێران مەبەستیەتی قەبارەكە بگەیەنێتە 20 ملیار دۆلار.

هەوڵەكانی ئێران بۆ بەرزكردنەوەی قەبارەی بازرگانی لەگەڵ عێراق لە كاتێكدایە ئەو وڵاتە لەلایەن ئەمەریكاوە ئابڵۆقەی ئابووری لەسەرە، بەڵام دوای كەوتنی رژێمی بەعس لە عێراق، پێوەندییەكانی بەغدا و تاران رۆژ دوای رۆژ بەهێزتر دەبێت و بەشی زۆری ئەو 12 ملیار دۆلارەش، هەناردەی كاڵای ئێرانییە بۆ عێراقە.