بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی سلێمانی بەدواداچوونەکانی کۆتایی پێهێنا لەبارەی بابەتی بەکارهێنانی هەندێک ماددە بۆ گەشەکردنی شووتی لە ناوچەی پێنجوێن، کە لە گرتەیەکی ڤیدیۆیی دا لە ڕێگەی سۆسیال میدیاوە بڵاوکرایەوە و ترس و دڵەڕاوکێی لەناو هاوڵاتیان بڵاو کردەوە و بووە مایەی لێدان لەبەرووبوومی ناوخۆیی.
بە گوێرەی ئەنجامەکان ئەو سێ مادەیەی لە گرتە ڤیدۆییەکەدا دەرئەکەوێت رێگەپێدراون و شیاون بۆ بەکارهێنان. کە بریتین لە (هیوماکس) و (کالسێوم) و (سومۆ)، کە بۆ بەپیتکردنی خاک و گەشەی بەرهەمە چێنراوەکان بەکاردەهێنرێن و رێگەپێدراون و شیاون بۆ بەکارهێنان.
ئەنجامەکان مایەی دڵخۆشین، بەڵام بەکاربردنی سۆسیال میدیا بە دیوە نێگەتیڤەکەیدا کە ببێتە مایەی بڵاوکردنەوەی ترس لە دڵی هاونیشتمانیان و لێدان لە بەرووبوومی ناوخۆیی و زیانگەیاندن بە جووتیاران کە خۆیان لە دۆخێکی باش دانین بەهۆی نەبوونی بازاڕی پێویست بۆ بەرووبوومەکانیان مایەی سەرکۆنە کردن و بەدواداچوون و لێپرسینەوەی یاساییە.
ئەم ئەرکەش (لێپێچینەوەی یاسایی لەو کارە نابەجێیەی تۆمارکردن و بڵاوکردنەوەی گرتە ڤیدیۆییەکە) کاری هاوبەشی داواکاری گشتیی و وەزارەتی کشتوکاڵ و یەکێتی جووتیاران و دەزگاکانی پاراستنی ئاسایشە.