” زیاتركردنی فرۆشی دۆلارله‌ناوخۆی وڵاتدا،هۆكارێكە بۆنزمبوونه‌وه‌ی به‌راورد به‌دینار “

به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتیی بانكی‌ ناوه‌ندی‌ هه‌رێم ئاشكرایكرد، هیچ هۆكارێكی سه‌ره‌كیی نییه‌ كه‌ بووبێته‌هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی دۆلاری ئه‌مریكی به‌رامبه‌ر به‌دیناری عێراقی، باشترین كاریش بۆ جێگیركردنی نرخی دۆلارو نزمبوونه‌وه‌ی به‌راورد به‌دیناری عێراقی زیاتركردنی فرۆشی دۆلاره‌ له‌ناوخۆی وڵاتدا.
(ئه‌دهه‌م ده‌روێش) به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتیی بانكی‌ ناوه‌ندی‌ هه‌رێم به‌NNA ڕاگه‌یاندوە، به‌رزبوون‌و نزمبوونی نرخی دۆلار به‌رامبه‌ر به‌دیناری عێراقی هیچ هۆكارێكی سه‌ره‌كیی نییه‌، به‌ڵام له‌هه‌رێمی كوردستان‌و عێراق به‌گشتی هه‌ر شتێك به‌تایبه‌ت دراو كه‌ نرخی به‌رزبوو زیاتر بایه‌خی پێده‌درێت، به‌زۆربوونی داواكاری‌و بێت‌و خستنه‌بازاڕیش به‌هه‌مانشێوه‌ی ڕابردوو، نرخه‌كان به‌رزده‌كه‌نه‌وه‌.
(ئه‌دهه‌م ده‌روێش) ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، له‌ئێستادا به‌هه‌مانشێوه‌ی ڕابردوو دۆلار له‌بانكی ناوه‌ندی عێراق ده‌خرێته‌بازاڕه‌وه‌، به‌ڵام به‌هۆی داواكاری زۆر له‌سه‌ر دۆلاری ئه‌مریكی، زۆری ویستی هاوڵاتیان كه‌ ده‌یانه‌وێت زۆربه‌ی پاره‌كانیان بكه‌ن به‌دۆلار.
به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتیی بانكی‌ ناوه‌ندی‌ هه‌رێم ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، باسكردنی لابردنی سفری سه‌ر دراوی عێراقی هۆكارێكی تری به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی دۆلاری ئه‌مرییكییه‌ به‌رامبه‌ر به‌دراوی عێراق، ئه‌گه‌رنا هیچ كێشه‌یه‌ك دروستنه‌بووه‌ له‌بانكی ناوه‌ندی.
(ئه‌دهه‌م ده‌روێش) به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتیی بانكی‌ ناوه‌ندی‌ هه‌رێم باسی له‌وه‌كرد، باشترین كار بۆ جێگیركردنی نرخی دۆلاری ئه‌مریكی به‌رامبه‌ر به‌دینار، پێویسته‌ كڕین‌و فرۆشتنی دۆلار له‌ناوخۆی عێراقدا زیاتر بكرێت‌و نرخی كرێی ئاڵوگۆڕكردنی دراوه‌كانیش كه‌مبكرێنه‌وه‌.