لیره‌ی توركی دابه‌زی

له‌ نوێترین ئاماری بازاڕی بۆرسه‌دا، لیره‌ی توركی به‌ زیاتر له‌ 1% دابه‌زی ئه‌مه‌ش سێیه‌م دابه‌زینه‌ له‌سه‌ر یه‌ك، هه‌ر بۆیه‌ وه‌به‌رهێنه‌ران و پسپۆڕانی ئابووری مه‌ترسیی دابه‌زینی گه‌وره‌تر ده‌كه‌ن وه‌ك چۆن بیزۆی ئه‌رجه‌نتینی له‌ماوه‌ی ڕابردوو به‌خۆیه‌وه‌ بینی.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 13ی ئاب، له‌ سه‌عات 12:17 به‌ كاتی له‌نده‌ن، لیره‌ی توركی گه‌یشته‌ 5.6245 به‌رانبه‌ر یه‌ك دۆلار، واته‌ به‌ ڕێژه‌ی 1.1% دابه‌زی، به‌به‌راورد به‌ داخرانی بۆرسه‌ له‌ ئێواره‌ی دووشه‌م كه‌ ئه‌و كات بریتی بوو له‌ 5.5630 به‌رانبه‌ر یه‌ك دۆلار، ئه‌مه‌ش نزمترین ئاسته‌ له‌ مانگی ڕابردووه‌وه‌.

ئابووریناسان دوای ئه‌وه‌ی هه‌موو چاوێكیان له‌سه‌ر ئه‌رجه‌نتین بوو، دوای ئه‌وه‌ی ئۆپۆزیسیۆن ده‌سه‌ڵاتی وه‌رگرت و بووه‌ هۆی هه‌ندێ گۆڕانكاریی زه‌قی ئابووری، ئێسته‌ جارێكی تر هه‌موو چاوه‌كه‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ سه‌ر لیره‌ی توركی كه‌ به‌رده‌وام له‌ یاریكردندایه‌.

ئابووریی توركیا، به‌ ته‌واوی گرێدراوی هه‌ڵوێست و لایه‌ن و كه‌سه‌ سیاسییه‌كانه‌، بۆیه‌ هه‌میشه‌ هه‌ڵوێسته‌كان كاریگه‌ریی به‌سه‌ره‌وه‌ دروست ده‌كه‌ن. دۆڕاندنی ئاكه‌په‌ له‌ ئیستانبووڵ، هۆكارێكی داڕمانی لیره‌ بوو، ململانێكه‌ی توركیا له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا سه‌باره‌ت به‌ كڕینی دژه‌مووشه‌كی ڕووسی، ئه‌ویش هۆكارێكی تره‌ بۆ دابه‌زینی لیره‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و گرێبه‌سته‌ بگاته‌ قۆناغی كۆتایی، واشنتن به‌ڵێنی داوه‌ هه‌موو ڕێككه‌وتنێك له‌گه‌ڵ ئه‌نقه‌ره‌ ڕابگرێت و پێوه‌ندییه‌كانیان هه‌ڵوه‌شێته‌وه‌، ئه‌مه‌یش ئه‌گه‌ری هه‌ڵوه‌شانێكی ئابووریی خراپی لێ ده‌كرێ.