لە پارێزگای هەڵەبجە وەبەرهێنەرێك لەسەر ڕووبەری پێنج دۆنم زەوی، یەكەم پڕۆژەی گاوداری دروست كردووە، ئامانجەكەی بەرهەمهێنانی شیر و گۆشتە و دەیەوێ پێداویستییەكانی پارێزگاكە دابین بكات.
حەمید حەسەن وەیس موراد ئەو وەبەرهێنەرەی پرۆژەكەی كردووە، دەڵێ، بیرم لەوە كردەوە بەشێوەیەكی زانستی و سەردەمیانە پڕۆژەیەكی ئاژەڵداری دابمەزرێنم، بۆیە سەرەتا لە دوو دۆنم زەوی رووبەری پڕۆژەكەم دەست پێ كرد، بەڵام ساڵی رابردوو بۆ پێنج دۆنم زیادم كرد.
لەبارەی جۆری ئەو مانگایانەی بەخێوی دەكات، روونی كردەوە كە یەك جۆر مانگام هەیە كە خۆماڵێ یان كوردین، سەرەتا بە گوێرەكە لە ئێرانەوە هاوردە كردون و ئێستا پێگەیشتوون و بوونەتە مانگای شیردەر و بەرهەمیان هەیە.
پڕۆژەكە لە دوو بەشی بەرهەمهێنان پێك دێت كە بەشێكی بەرهەمهێنانی شیر و بەشەكەی تر گۆشتە.
ئێستا ڕۆژانە دوو هەزار لیتر بەرهەمی شیر لەو پڕۆژەیەوە دەخرێتە بازاڕ. وەك خاوەنەكەی دەڵێ، “ئەگەر حكوومەت پاڵپشتیم بكات، دەتوانم بۆ پێنج هەزار لیتر بەرزی بكەمەوە و ساڵانەیش لە دوو كاتی جیاوازدا جوانەگا بۆ بەرهەمی گۆشت بخەمە بازاڕەوە”.
لە پارێزگای هەڵەبجە هیچ كارگەیەكی شیرەمەنی نییە بۆ ئەوەی ئەو وەبەرهێنەرە بەرهەمەكەی پێ بدات، بۆیە ناچارە ڕەوانەی كارگەكانی سلێمانی و كەركووك و هەولێری بكات، ئەویش بە پشتبەستن بە تانكەری تایبەت و ساردكەرەوە كە خەرجییەكی زۆری پێویستە.
وەك دەردەكەوێ لە پڕۆژەكەدا كارەبای بەردەوام نییە و حكوومەتی خۆجێی هاوكاریی وەبەرهێنەرەكەی نەكردووە، بۆیە داوا دەكات حكوومەت كارئاسانی بكات بۆ ئەوەی پڕۆژەكەی پەرە پێ بدات و چیتر هاووڵاتییانی كوردستان شیرەمەنی هاوردەی وڵاتان نەخۆن كە نازانن هی چییە و چۆن بەرهەم دەهێنرێت .
لەبارەی ئالیك و پێداویستییەكانی رۆژانەی پڕۆژەكە، حەمید حەسەن وەیس وتی، “نامەوێ و بۆ من ناكرێ خۆراكی هاوردە بەكار بێنم بۆ مانگاكان، بۆیە هەر لە سەرەتاوە هەوڵم داوە پشت بە خۆم ببەستم، بۆیە 100 دۆنم زەویم لە نزیكی كێڵگەكەم كردووەتە وێنجە بۆ ئالیك، لە هەمانكاتدا ئەو ئامێرانەی كارئاسانی دەكەن بۆ دەستخستنی ئالیك، لە وڵاتانەوە هاوردم كردون”.
ئاماژهی بهوهشدا “جگە لەو 100 دۆنمە، 50 دۆنم زەویی ترم لە شارەزوور گرتووە بەكرێ و كردوومە بە زەڕات كە كاریگەری باشی هەیە بۆ زیادكردنی شیری مانگا”.
پێویستە بوترێت شوێنی دۆشینی مانگاكان زۆر تایبەتە و بە ئامێری تایبەتی دەدۆشرێن، پاشان شیری مانگاكان لە تانكەری تایبەت كۆ دەكرێنەوە و پلەی گەرمی شیرەكە نزم دەكاتەوە بۆ چوار پلەی سەدی، دواتر ڕەوانەی كارگەكان دەكرێت.