جەژنی ئەمساڵ بۆ گەشتیاران، لەهەرێمی كوردستان جیاوازتر دەبێت

وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان رایگەیاند: ”ئامادەكاری تەواویان بۆ پێشوازیكردن لەگەشتیاران كردووەو جیاوازی ئەم جەژنە ئەوەیە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم وەزارەتی ناوخۆو گەشتوگوزاری راسپاردووە كە هەڵبستن بەپێشوازیكردن لەگەشتیاران بەباشترین شێوە”. 

نادر رۆستی، وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان ئاشكرایكرد، لەدوێنێ هەینیەوە لیژنەی پێشوازی لەمیوانان لەبازگەكان دانراون و لیژنەكانی دیكەش لەشوێنەكانی خۆیان دەستبەكاربوون و هێزەكانی ئاسایش و پۆلیسیش لەئەركی خۆیاندان.
ئاماژەی بەوەشكرد، جیاوازی ئەم جەژنە ئەوەیە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم لەكۆبوونەوەی حەوتی ئەم مانگە راسپاردەیەكی دەركردوو وەزارەتی ناوخۆو گەشتوگوزاری راسپارد كە هەڵبستن بەپێشوازیكردن، لەگەشتیاران بەباشترین شێوە و كارئاسانیان بۆ بكەن، ئەمەش پاڵپشتییەكە بۆ گەشتوگوزارو دامەزراوەكانی دیكە بۆ ئەوەی كارەكانیان باشتر بەڕێوەببەن.

باسی لەوەشكرد، زیاتر لە 71 هەزار سەرین لەهۆتێل و مۆتێلەكان لەهەرێمی كوردستاندا ئامادەكراون، پێمانوانیە كێشەیەكمان لەوبارەیەوە هەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا لەپلاندا ئامادەكاری كراوە، بۆئەوەی ئەگەر شوێن نەمێنێت چی بكەین، جەختیشمان لەكردنەوەی چێشتخانەو خواردنگەكان كردووەتەوە لەڕۆژانی جەژندا.

وتەبێژی گەشتوگوزار رونیشیكردەوە، لەماوەی رابردوو هەر لەسەرەتای ساڵی 2019 كە پلانماندا، یەكێك لەئامانجەكانمان بریتیبوو لەوەی، سێ ملیۆن و نیو گەشتیار بۆ هەرێمی كوردستان بهێنین، بەزیادكردنی كۆمەڵێك چالاكی و یەكێك لەچالاكییەكان بریتیبوو لەوەی دیدار و ۆرك شۆب بكەین، لەگەڵ كۆمپانیاكانی خوارو ناوەڕاستی عیراق و كۆمپانیاكانی ئێران و توركیا، لەگەڵ ئەوەش لەپەیوەندیدابین، لەگەڵ كۆمپانیاكانی دەرەوەش بۆئەوەی هانیان بدەین گەشتیار بۆ هەرێمی كوردستان بهێنن، خۆشبەختانە ژمارەیەك دیدار لەهەولێرو سلێمانی و دهۆك لەوبارەیەوە ئەنجامدراوە.

نادر رۆستی ئەوەشی خستەڕوو، هەموو ئەو ئامانجانەی هەمانبوو بەكۆمپانیاكانمان وتوون و بەشێكیش لەوان ئامادەكارییان دەربڕی كە كاردەكەن بەو ئاڕاستەی كە ئێمە بۆمان دیاریكردوون، بۆیە ئەوەی لەشەش مانگی رابردوودا بەدیكرا، ژمارەیەكی زۆر لەكۆمپانیا كان هەستاون بەوكارە و لەم جەژنەشدا گەشتیار دەهێننە هەرێمی كوردستان.