نانەواخانەكانی سلێمانی نیگەرانن لە جێبەجێكردنی بڕیاری بەكارهێنانی زەرفی كاغەز و بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانیش ڕایدەگەیەنێت، ”سەرجەم نانەواكان پابەند دەبن بە بڕیارەكە و ئەمڕۆش بڕی سێ ملیۆن زەرفی كاغەز بەخۆڕایی بەسەر نانەواخانە و سەمونخانەكاندا دابەش دەكرێت”.
ئەمڕۆ شەممه 10ی ئاب، سۆران غەفور بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی ڕاگەیاند، نانەواخانەكانی سلێمانی نیگەرانی و ناڕەزایەتییان دەربڕیوە لەبەرانبەر بەكارهێنانی زەرفی كاغەز، بەڵام ئەو بڕیارە كۆتاییە و دراوە و ئەبێت سەرجەم نانەواخانە و سەمونخانەكان پێوەی پابەندبن.
روونی دەکاتەوە، لە ئەمڕۆوە دەستكراوە بە جێبەجێكردنی بڕیارەكە و كۆمپانیای دابینكردنی زەرفەكە بڕی سێ ملیۆن زەرفی كاغەز دابەش ئەكات بەسەر نانەواكانی سلێمانی بەخۆڕایی، بۆ ئەوەی ببێتە سەرەتایەك بۆ بەكارهێنانی زەرفی كاغەز و لە دوای پشوی جەژنەوە بەفەرمی ئەو بڕیارە جێبەجێ دەكرێت و لێپێچینەوەی لەسەر دەكرێت.
لە بارەی گرانكردنی نان یان كەمكردنەوەی كێشەی نان، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی دووپاتی دەکاتەوە، لە بەرامبەر جێبەجێكردنی ئەو بڕیارە چاوپۆشی لە هیچ مەرجێك ناكەین، نە ڕێگە بە كەمكردنەوەی ژمارەی نان دەدەین، نە كەمكردنەوەی كێشی نانەکە.
گۆران قادر، سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامیەتی سلێمانی ئاشکرای دەکات، لەگەڵ نوێنەری سەرجەم نانەواكانی سلێمانی قسە كراوە و ئەوان ئامادەییان نیشانداوە كە لەدوای جەژنەوە پرۆسەی گۆڕینی نایلۆن بە زەرفی كاغەر دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
وەک ئاماژەی پێدەدات، ئەوان نیگەران بوون لەوەی كە زەرفی كاغەز بە پارەیەكی زیاتر دەستیان دەكەوێت و كۆمپانیا و شوێنەكان ڕەزامەندییان نیشانداوە كە بۆ 100 دانە زەرفی كاغەز بەرانبەر بە 2250 دینار بۆیان دابین بكەن، لە كاتێكدا پێشتر یەك كیلۆ زەرفی نایلۆن كە 120 دانەی تێدا بوو بە 2500 دینار بۆیان دابین دەكرا.
نیگەرانی نانەواخانە و سەمونخانەكان بەهۆی كەمی بڕی زەرفەكان بەرامبەر ئەو بڕە پارەیەی كە دانراوە بۆ هەر 100 دانە زەرف 2250 دینارە، ئەوان داوایان كردووە ڕێژەكە زیاتر بكرێت.