نوسینگەی ڕاستاندن “تصدیق” لە سلێمانی دادەنرێت و چیتر پێویست ناکات بچیتە بەغدا


ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، حکومەتی عێراق ڕەزامەندی نیشانداوە بە کردنەوەی نوسینگەی ڕاستاندن “مکتب تصدیقات” لە پارێزگای سلێمانی و چیتر پێویست ناکات بۆ مامەڵەیەک هاوڵاتیان سەردانی بەغدا بکەن.

لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاندووە: “وەزارەتی دەرەوەی عێراق پاڵپشت بە ڕەزامەندی بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق ڕەزامەندی نیشاندا بە کردنەوەی نوسینگەی ڕاستاندن “مکتب تصدیقات” لە پارێزگای سلێمانی”.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا باس لەوەشکراوە، ئەو نوسینگەیە دەبێتە یەکەم نوسینگە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان  بۆ ڕاییکردنی مامەڵەی هاوڵاتیان لە ڕاستاندنی بەڵگەنامە فەرمییەکانیان کە ئاراستەی وەزارەتی دەرەوەی عێراقی دەکەن و هاوڵاتیانی ئەو پارێزگایانە سودی لێوەردەگرن.

بڕیارەکە پاش ئەوە دێت،  کە پێشتر هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی داوای لە سەرۆک کۆماری عێراق کردبوو بە کردنەوەی ئەو نوسینگەیە.