دەروازەی بازرگانی كێلێ كە سەردەشتی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی كوردستان بە قەڵادزێی باشووری كوردستان گرێ دەدات بە فەرمی كرا.
رەسووڵ خزری نوێنەری سەردەشت و پیرانشار لە پەرلەمانی ئێران ئاشكرای كرد، حكوومەت بە پێشنیاری وەزارەتی ناوخۆی ئێران رازی بووە و رێی داوە لەمەودوا شتومەكی بازرگانی لەو دەروازەیە بە فەرمی ئاڵوگۆڕ بكرێت.
ئەو روونی كردەوە بە فەرمیكردنی ئەو دەروازەیە دەبێتە هۆی گەشەی ئابووری لە ناوچەكە و قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیش زیاد دەبێت.
بەگوێرەی “ئیرنا” وەك ئەو نوێنەرە باسی كردووە جگە لەم دەروازە سنوورییە، هەریەك لە مەرزەكانی شووشمێ، سۆمار، شێخ سلە لە پارێزگای كرماشان و چیلات لە پارێزگای ئیلام رێیان پێ درا ئاڵوگۆڕی بازرگانییان تێدا بكرێت.
پێویستە بوترێت گومركی كێلێی سەردەشت پێشتریش رێی ئاڵوگۆڕی كاڵای پێ درابوو بەڵام بە فەرمی نەكرابوو.
مەرزەكە 20 كیلۆمەتر لە قەلادزێ دوورە و لە دیوی رۆژهەڵاتی كوردستانیش سەردەشت هەڵكەوتووە كە ژمارەی دانیشتووانی 120 هەزار كەس دەبێت.