بۆ یهكهم جار لهسهر ئاستی كوردستان و عێراق، پڕۆژەی بەنزینخانەی گەڕۆك لە شاری سلێمانی راگەیەنرا و پارێزگاری سلێمانیش دهڵێت ”پرۆژهكه دەبێتە هۆی هێنانەكایەی كێبڕكێ لەسەر كوالێتی و نرخ”.
هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی ئەمڕۆ سێشەممە 6ی ئابی 2019 لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، راگەیاند “پڕۆژەی بەنزینخانەی گەڕۆك پڕۆژەیەكی نوێی سەردەمیانەیە ك لەئێستادا تەنها لەوڵاتی بەریتانیا پەیڕەو دەكرێت بۆ خزمەتی هاوڵاتیانە، بە هاتنی ئەم پڕۆژەیە بۆ ناو شاری سلێمانیش دەرفەتێكی نوێی كار دروست دەبێت و ههلی كاری زیاتر بۆ گهنجان دهرهخسێنێت”.
ئاماژهی بهوهشدا ”ئەم پڕۆژەیە بەنزینی كوالێتی باش بە نرخی 50دینار كەمتر بە هاوڵاتیان دەفرۆشێت، ئەمەش دەبێتە هۆی هێنانەكایەی كێبڕكێ لەسەر كوالێتی و نرخ”.
پارێزگاری سلێمانی ئەوەشیخستەڕوو، ئەو بەنزیخانە گەڕۆكانە مافی ئەوەیان نیە لە شوێنێكی دیاریكراودا بوەستن و شوێنی بەنزینخانە جێگیرەكانی تر بگرنەوە.