‘بۆ جەژن پێشبینی هاتنی ژمارەیەكی زۆری گەشتیار بۆ کوردستان دەكرێت”


بەرپرسێكی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، ”بۆ جەژن پێشبینی هاتنی ژمارەیەكی زۆری گەشتیار دەكرێت و سەرجەم ئامادەكارییەكان كراون”.

ئەمڕۆ دووشەممه‌ پێنجی ئاب، نادر ڕۆستی وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان ڕاگەیاند، ”ئامادەكاری تەواو كراوە بۆ پێشوازیكردن لە گەشتیاران بۆ بەسەربردنی كاتێكی خۆش سەردانی ناوچە گەشتیارییەكانی هەرێمی كوردستان دەكەن”.

وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار وتی، ”پێشبینی دەكرێت ژمارەیەكی زۆری گەشتیار ڕوو لە هەرێمی كوردستان بكەن و لەگەڵ سەندیكای میوانخانە و چێشتخانەكان كۆبوونەوەیان كردووە و دووپاتیان لە كاركردنی چێشتخانە و میوانخانە و هۆتێلەكان كردووەتەوە”.

باسی لەوەش كرد، ڕێنوێنییەكان و ڕاسپاردەكانی ئەنجوومەنی وەزیران جێبەجێ دەكرێت كە داوای كررابوو بۆ پاراستنی گەشتیاران هەموو ڕێكارێك بكرێت، هەروەها ڕۆژانە چەند هەزار گەشتیارێك دێت.

بەهۆی هەڵكەوتەی جیۆگرافی هەرێمی كوردستان و  بوونی ناوچەیەكی زۆری گەشتیاری خەڵكێكی زۆر لە وەرزی بەهار و جەژن و بۆنەكان روو تێدەكەن و بۆ ئەمساڵ پێشبینی دەكرێت ڕێژەی گەشتیاران سێ‌ ملیۆن گەشتیار تێپەڕێنێت.