فاروق مەلا مستەفا، سەرمایەداری کوردستان بۆ جەژنی قوربان هاوکاری 100 خێزانی کەمئەندامی کرد.
سامان حسێن، سەرپەرشتیاری گشتی یەکێتیی کەمئەندامانی کوردستان بەدواڕۆژی راگەیاند: فاروق مەلا مستەفا، سەرمایەداری کوردستان هەمیشە هاوکاری خاوەن پێداویستی تایبەت بووە، بۆ جەژنی قوربانیش هاوکاری 100 خێزانی کردووە بۆ دابینکردنی پێداویستی جەژن.
ناوبراو وتی: “داوا لە سەرمایەدارانی دیکە دەکەین هاوشێوەی فاروق مەلا مستەفا هاوکارمان بن، چونکە 800 خێزان بۆ جەژنی قوربان حاڵیان زۆر خراپە”.
یەکێتیی کەمئەندامان بۆ کۆکردنەوەی کۆمەکی جەژن بۆ کەمئەندامان کەمپەینێکیان لە شەقامی سەهۆڵەکەی شاری سلێمانی راگەیاندووە کە رۆژانە لە 8ی بەیانی تا 1ی شەو هاوکاری وەردەگرن و تا رۆژی هەینی 9ی ئاب کەمپەینەکە بەردەوامە.