وەزیری پیشەسازی: ئامانجمان پاڵپشتیی کارگە خۆماڵییەکان و بەرزکردنەوەی کوالێتی بەرهەمەکانیانە


وەزیری بازرگانی و پیشەسازی هەرێم رایدەگەیەنێت: ئامانج و هەوڵەکانیان بۆ پاڵپشتی و رەخساندنی هەلی کێبڕکێیە بۆ کارگەکان لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمی کارگەکانی ناوخۆ و رەخساندنی هەلی کار بۆ هاوڵاتیان.

کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێم لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبونەوەیان لەگەڵ خاوەن کارگەکان لە هەرێمی کوردستان، راگەیاند: ئەمڕۆ دوشەممە لەگەڵ خاوەن كارگە گەورەكانی بەرهەمهێنانی (شیش، ئاسن، بۆری، چیمەنتۆ، خشتی سور، زەیت، شیرەمەنی، بەهارات، چپس، كێبڵات) كۆبوینەوە بۆ تاوتوێکردنی كێشە و گیروگرفتەکان و پێشنیارەكان تاوتوێکران.

ئاماژەی بەوەشکردووە: “ئامانج لە کۆبونەوەکە و هەوڵەکانمان بۆ خستنەڕوی گرفتی کارگەکان و پاڵپشتیکردنیانە لە روی پاراستنی بەرهەمی ناوخۆ و باج و گومرگ و رەخساندنی هەلی کێبڕکێ بۆیان بەتایبەت لەگەڵ بەرهەمی دەرەوە و وڵاتانی دراوسێ و تەنانەت ناوەڕاست و باشوری عێراق، لە بەرامبەردا داواکاریمان رەخساندنی هەلی کارە بۆ هاوڵاتیانی هەرێم و گەڕاندنەوەی متمانەی خەڵکی کوردستانە بە بەرهەمی خۆماڵی ئەوەش لەرێگەی بەرزکردنەوەی کوالێتی بەرهەمەکان”.

دەشڵێت: لە ئایندەیەکی نزیکدا کۆبونەوەی بەرفراوان لەگەڵ بازرگانانیش رێک دەخەن بۆ تاوتوێکردنی کێشە و گرفتەکانیان و و چۆنیەتی رەخساندنی هەلی گونجاو بۆ کارکردن.