بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵی هەرێم بڕیاریدا لەم مانگەوە پێداچوونەوە بە هاوردەكردنی بەروبوومی كشتوكاڵیو وەرگرتنی باجی گومرگیدا بكرێتو خشتەیەكی تایبەتیش بۆ دەستنیشان كردنی كاتی قەدەغەكردنی هاوردەی بەرهەمە كشتوكاڵییەكان ئامادە بكرێت.
وەزیری كشتوكاڵی هەرێم لەمیانی كۆبونەوەیەكی لەگەڵ نوێنەری رێكخراوو كۆمەڵەو گروپو دەستەكانی تایبەتمەند لەبواری كشتوكاڵدا بڕیاریدا، لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە لەبارەی كێشەی جووتیاران لەگەڵ ستافی گۆڕەپانی فرۆشتنی شووتی لە عەلوەی هەولێر پێكبهێنێت، ئەمەش دوای سكاڵایەكی جووتیاران لەوەی بڕێكی زۆر عمولەیان لێوەردەگیرێت، كاتێك بەرووبوومی شووتی دەبەنە گۆڕەپانەكە.
هاوكات بڕیاردرا لیژنەیەكی دیكە پێكبهێنرێت بۆ بەدواداچوونی شێواز و ئاستی بەڕێوەچوونی گەنمی جووتیاران لە سایلۆكان، ئەمەش بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی هەرێم، بەوپێیەی پرۆسەی وەرگرتنی گەنم لە جووتیاران كاری وەزارەتی بازرگانیە.