حكومەتی عێراق وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستانی بە رێژەی 10% زیادكرد، بڕیارەكەش تەنها ئەو جووتیارانە دەگرێتەوە كە پێشتر گەنمیان رادەستی سایلۆكان كردووە.
پێشتر حكومەتی عێراق بڕیاریدابوو 340 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان وەربگرێت، بەزیادكردنی ئەو رێژەیەش 34 هەزار تۆن گەنمی دیكە لە جووتیاران وەردەگیرێت.
تاهیر عەبدوڵڵا، جێگری پارێزگاری هەولێر رایگەیاند: “پێشتر 100 هەزار تۆن بۆ هەولێر دیاریكرابوو، ئەوەش رێژەیەكی كەمە بۆ جووتیارانی سنووری هەولێر، زیادكردنی 10%ـش كاریگەرییەكی ئەوتۆی لەسەر دۆخی جووتیاران نییە، چونكە تەنها 10 هەزار تۆن گەنم بۆ هەولێر زیاددەبێت.” وەك ڕووداو بڵاویكردووەتەوە.
تاهیر عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوەشكرد:” كۆتا وادە بۆ رادەستكردنی گەنمی جووتیاران 6-8-2019 ـە، ئەوەش ماوەیەكی كورتە و جووتیاران ناتوانن لەو كاتەدا گەنمەكانیان رادەستبكەن.”
“ئەو زیادكردنەش تەنها ئەو جووتیارانە دەگرێتەوە كە پێشتر گەنمەكانیان رادەستكردووە، دووبارە دەچنەوە سایلۆكان و بە رێژەی 10% لە ئەو گەنمەی رادەستیان كردووە، گەنمی دیكە رادەستدەكەن. “
تاهیر عەبدوڵڵا وتیشی:” نرخەكان وەكو خۆیەتی و گۆڕانكاری بەسەردا نەهاتووە، بەهەمان بڕەپارەی پێشوو رادەستدەكرێت.”
داوای لە جووتیارانیش كرد، سەردانی سایلۆكان بكەن بۆئەوەی بتوانن ئەو بەشەی گەنمەكانیان كە ماوە لەو سێ رۆژەدا رادەستبكەن.