جەمال جەلال حوسێن، ناسراو بە شێخ جەمالی كرپچنە، جووتیارە داهێنەرەكەی سەنگاو، چەندین جۆر سەوزەو میوەی جۆراو جۆری بەرهەمهێناوەو لەهەوڵدایە ئەو جۆرە سەوزەو میوانەی لەكوردستاندا نینو نامۆن، بە خۆماڵیان بكاتو كار دەكات بۆ گەڕاندنەوەی تامو بۆنی ئەو میوانەی كە لەسەدەكانی رابردوودا هەبوونو ئێستا بەهۆی بەكارهێنانی دەرمانە كشتوكاڵییەكانەوە تامو بۆنو رەنگی خۆیان لەدەستداوە.
16 جۆر كاهوومان بەرهەم هێنا
شێخ جەمالی كرپچنە بۆ كوردستانی نوێ وتی: «هەرچەندە لە بوارەكەدا ئەكادیمی نیم، بەڵام بەهۆی ئەوەی زیاتر لە 50 ساڵە وەكو خولیایەكی تایبەتی خۆم چوومەتە ناو پێشەی جووتیاریو گرنگی بە كشتوكاڵكردن دەدەم، لەو ماوەیەدا چەندین توێژینەوەو كاری داهێنانی سەرنجڕاكێشم ئەنجامداوە، تاڕادەیەكی باشیش تێیاندا سەركەوتوو بووم».
وتیشی: «سەرەتا گۆڵدن بێری لەمۆڵەكاندا هەبوون نرخی زۆر بوو، منیش لەڕێگەی هاوڕێو خزمانم لە دەرەوەی وڵات تۆوەكەیم دەستكەوتو چاندم، بەوەش سەركەوتنم بەدەستهێناو كاتێك خستمە بازاڕەوە نرخەكەی دابەزی».
ئاماژەی بەوەشدا، ساڵی پار 16 جۆر كاهوومان بەرهەم هێناو خستمانە بازاڕەوە، بەوەش تاڕادەیەك توانیمان لەڕووی بەرهەمی دەرەكییەوە خۆمان دەوڵەمەند بكەینو ئەو سەوزەو میوانەی ئەوانیش بە خۆماڵی بكەین.
میوەو تەماتەی روسی
جووتیارە داهێنەرەكە باسی لە بەرهەمە نوێیەكانی كردو وتی: «لە ئێستادا 10 جۆر تەماتەو باینجانم بەرهەهێناوەو بەرهەمم لێخستونەتە بازاڕەوە، كە جۆرە تەماتەیەكیان بۆ دۆڵمە (یاپراخ) گونجاوەو درێژكۆڵەیە كە خانمان دەتوانن خوانەكانیانی پێ خۆشتر و جوانتر بكەن، بەگشتی تەماتەی زەردو رەشو سورو پەمەییو سەوز و زەرد بە تێكەڵی لە شێوەی كاڵەكو گوژاڵكە، هەروەها باینجانی زەردو مارۆنیو سپیو رەش، لەگەل سڵقی رەنگاو رەنگی سورو زەردو سەوز، هەروەها بیبەری زەردو سور و سەوز، هەموو ئەمانەش بە بەرهەمو تۆوەوە دەخەینە بازاڕەوە».
شێخ جەمال ئاماژەی بە چەند كارێكی رابردووی خۆی كردو رایگەیاند، لە رابردوودا توانیومە تەماتە لەسەر بنجی پەتاتە بەرهەم بهێنمو خەیار و باینجان لەسەر بنجی كولەكە بەرهەم بهێنم.
ئەوەشی روونكردەوە، لەڕووی تامو چێژەوە ئەو بەرهەمانەی كە خۆماڵیم كردووە بە تامترە، چونكە هیچ جۆرە دەرمانێكی لێنادەینو بۆی بەكارناهێنین، بۆ خستنە بازاڕیشەوە راستەوخۆ دەیبرێتە بازاڕ بەبێ ئەوەی بخرێتە ناو بەڕادەوە، بۆیە راستەخۆ دەتوانرێت بخورێن.
ئاماژەی بەوەشدا، بەنیازە چەندین جۆری سەوزەو میوەو تەماتەی روسیو بیانی بەڕەنگو تامی جۆراو جۆرەوە بخاتە بازاڕاوە، كە تائێستا لەكوردستاندا نامۆنو نینو لە دەرەوەی وڵاتیش لەڕووی نرخەوە گرانترین نرخیان هەیە بە بەراورد بە جۆرەكانی تر، «كە دڵنیام من بیانخەمە بازاڕەوە نرخەكەی دادەبەزێت كە ئەوەش ئامانجی سەرەكی خۆمە».
جۆرەكەی كەمە
شێخ جەمال باسی لەوەشكرد، ئەو تۆ و ناوكی سەوزانەی پەیدای دەكات لەلایەن خزمانو هاوڕێكانی لە دەرەوەی وڵاتەوە بە دیاری بۆی دەهێنن، دەشڵێت: «ئەو تۆوانەی دەگاتە دەستی، جۆرەكەی كەمە یان هەمووی سەوز نابێت، بۆیە سەرەتا دەیچێنێتو نایخاتە بازاڕەوە بۆئەوەی رێژەی تۆوەكە وەربگرێتو زیادی بكات، بەوەش دەتوانێت ئەو جۆرە بەرهەمە زیاد بكاتو دواتر بیانخاتە بازاڕەوە، ئەمەش كاتی زۆری دەوێتو بۆ هەر بەرهەمێك بۆ زیادكردنی تۆ و بەرهەمەكەی پێنج ساڵی پێویست دەبێت».
لەبارەی هاوكاریكردنی ئەو كەسانەی كە دەیانەوێت گرنگی بەكشتوكاڵ بدەن، ئەو جووتیارە داهێنەرە روونیكردەوە، هەر كەسێك دەیەوێت زانیاری هەبێت لەبارەی ئیشەكانی منو سود لە ئەزموونەكانم وەربگرێت، بەبێ دوو دڵی ئامادەیی دەردەبڕم هەموو رێنماییەكی بكەم تا سەركەوتووبێت.
وتیشی: «داواكارم لە جووتیاران تەنها برەو بە بەرهەمی خۆماڵی نەدەنو بە وریاییەوە دەرمانی لەناوبەر بەكاربهێننو دڵنیابن لە گونجاوی خواردنی بەرهەمەكە ئەوكات بیخەنە بازاڕەوە».
مەوادی كیمیاوی بەكارناهێنن
باسی لەوەشكرد، ئەوان هیچ جۆرە سەمادو مەوادێكی كیمیاوی بەكارناهێنن تا بەرهەمەكانیان زووتر گەشە بكاتو زۆرتر بمێنێتەوە، بۆیە زۆر خاوێنەو دڵنیان لە سودو خاوێنی، بەڵام هاوردە نازانرێت چۆن هێنراوەو چی مادەیەكی بەسەردا كراوە.
ئەوشی وت: «كشتوكاڵكردن بۆتە بەشێكی تایبەتی ژیانم، بۆیە تا بمێنم لەهەوڵی بوژاندنەوەی كشتوكاڵدا دەبمو شانازیش دەكەم جێی دەستم لەو بوارەدا دیارە».
گوندی كرپچنە، كەوتۆتە بناری چیای سەگرمەو بەدووری 9 كیلۆمەتر لەڕۆژهەڵاتی ناحیەی سەنگاو، شوێنێكی گونجاوە بۆ تاقیكردنەوە كشتوكاڵییەكانو پێگەیەكی بەهێزی كۆمەڵایەتیو گەشتیاری لە سنورەكەدا هەیە، هەروەك شێخ جەمالیش كە دانیشتووی ئەو گوندەیە توانیویەتی سود لەكێڵگە كشتوكاڵیەكانی وەربگرێتو بەردەوام لەڕێگەی توێژینەوەكانییەوە بەرهەمی ناوازە بەرهەم بهێنێت بەپێی وەرزەكانی ساڵ، ئەمەش وایكردووە كرپچنە ببێتە شوێنێكی كشتوكاڵی گرنگ لەكوردستاندا.
كوردستانی نوێ