ماوەی دوو مانگە حکومەتی عێراق هاوردەکردنی هێلکەی لە وڵاتی تورکیاوە قەدەغە کردووە، لە ئێستاشدا بەرهەمهێنەرانی کەرتی هێلکە لەو وڵاتە لە لێواری مایە پۆچ بووندان، چونکە عێراق ساخکەرەوەى سەرەکى هێلکەى تورکیا بوو.
بەگوێرەی پێگەی تایم تورک، دوای ئەوەی عێراق لە مانگی ئایاری ڕابردوو بڕیاریدا چیدی هێلکە لە تورکیاوە هاوردە نەکات، بەشێکی زۆر لە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی هیلکە لەو وڵاتە توشی قەیرانێکی گەورە بوون.
پێگەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، تورکیا ساڵانە نزیکەی 22 ملیار هێلکە بەرهەمدەهێنێت، پشکی شێریش لەو ژمارەیە هەناردەی عێراق کراوە، بەڵام پاش بڕیارەکەی حکومەتی عێراق خاوەن کۆمپانیاکان لە تورکیا ناچاربوون هێلکەکانیان لە بازارە ناوخۆییەکانی تورکیا بە زیان بفرۆشن، زیاتر لە یەک ملیۆن مریشکیش بەو هۆیەوە لەناوبراون، بە گوێرەى زیانیارییەکانى تایم تورک.
ئەوەش خراوەتەڕوو، لەبەر ئەستەمی دابینکردنی پارەی ئاڵیک بۆ کیڵگەکانیان کە مانگانە دەگاتە زیاتر لە دوو هەزار و 500 لیرە بۆ هەر مریشکێک، بەرهەمهێنەرانی هێلکە بڕیاری لەناوەبردنی مریشکەکانیان داوە.
خاوەن کێڵگە و کۆمپانیاکانى کەرتى پەلەوەر لە تورکیا، باس لەوەدەکەن ئەوەی زیاتر دۆخى ئەوانى قورس کردووە، نەدانی قەرزە لەلایەن بانکەکانی تورکیاوە.
تەنها لە مانگى ڕابردوودا بەهۆى ئەو قەیرانەی دووچاری بەرهەمهێنەرانی هێلکە بووەتەوە، ناچار بوونە زیاتر لە 17 ملیۆن مریشک لەناوبەرن
بەگوێرەى ئامارەکانى ئەو وڵاتە، 85%ى بەرهەمى هێلکەى تورکیا هەناردەى عێراق کراوە، بەڵام بڕیارەکەى عێراق بە قەدەغەکردنى هاوردەى هێلکەى تورکى و پشتبەستن بە بەرهەمى ناوخۆیی کەرتى بەرهەمهێنانى هێلکەى تورکیا بەرەو داڕمان بردووە.