دەسەڵاتدارانی سعودیە بریاریاندا بە راگرتنی هاوردەکردن بەرهەم و کاڵای تورکی بۆ وڵاتەکەیان و “بەنهێنی ئابلوقەی ئابوری بەسەر تورکیادا سەپاندوە”.
سەرچاوەیەکی فەرمی لە حکومەتی تورکیا کە نەیوستوە ناوی ئاشکرا بکرێت بە میدڵ ئیست ئای راگەیاندوە، لە چەند رۆژی رابردودا رێگە بە بارهەڵگری تورکیا نەدراوە بچێتە ناوی خاکی سعودیە.
بەگوێرەی زانیاریەکانی ئەو سەرچاوەیە، رێگە بە زیاتر 80 بارهەڵگری تورکی گیراوە بچێتە ناو خاکی سعودیە کە کەرەستەی بیناسازی و کیمیایی-یان پێبوە.
ئاماژەی بەوەشداوە سێ هەزار بارهەڵگر کە میوە و سەوزەیان هەڵگرتوە، لە بەندەری جیدەدا راگیراون و رێگەیان پێنادرێت بچنە ناو سعودیە، دەشڵێت” سەرقاڵی چارەسەرکردن یئەو کێشەیەین لەگەڵ کاربەدەستانی سعودیە”.
لە ماوەی ئەم مانگەدا، ئەوە دوەمجارە رێگە لە هەناردەکردنی بەرهەمی تورکی دەگیرێت بۆ ناو خاکی سعودیە، هەفتەی رابردوش، زیاتر لە 70 بارهەڵگر رێگەیان پێنەدرا بچنە ناو خاکی سعودیە، بەگوێرەی وتەی سەرچاوەیەک تورکی دوای دەستێوەردانی حکومەتی تورکیا لە ئاستی باڵا، ئینجا رێگەیان پێدراوە بچنە ناو سعودیە.
محەمەد گویزێلمەنسور، جێگری سەرۆک پارتی کۆماری گەلان- تورکیا دەڵێت” لەسەرەتای مانگی تەموزەوە ئابلوقەی ئابوری نهێنی لەلایەن سعودیەوە خراوەتە سەر تورکیا”.
” میوە و سەوزەی تورکیا بۆ ماوەی یەک مانگ لە بەندەر و خاڵە گومگیەکاندا دەهێڵنەوە، لە کاتێکدا تەنها دو رۆژی پێویستە، بەرهەمە تورکیەکان رزیون و بۆگەنیان کردوە”.