بانکی ناوەندیی عێراق، سەبارەت بە رەتكردنەوەی دراوەكانی دۆلار و یۆرۆ لە پرۆسەی جیاكردنەوە و ژماردندا، لە راگەندراوێكیدا مەرجەكانی خستەڕو.
بانكی ناوەندی عێراق ئەمڕۆ یەكشەممە لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، وەرگرتنی هەندێک دۆلار و یۆرۆی کاغەز رەتدەکاتەوە و هۆكارەكانیشی لە چەند خاڵێكدا خستوەتەرو.
بەپێی راگەیەندراوەكە، ئەو دراوە كاغەزانەی ئەم خاڵانەی خوارەوە دەیانگرێتەوە ، چیدی مامەڵەیان پێناکرێت:
– ئەگەر لە هەریەكێك لە سوچەكانی یاخود روبەری دراوەكە پارچەیەکی لێبوبێتەوە.
– ئەگەر دڕابێ و بە تیپی پارە چاکرابێتەوە.
– ئەگەر مۆرێکی گەورەی پێوەبێ، بەشێوەیەک وێنە و زانیارییەکانی ناو دراوەكەی داپۆشیبێت و كاریگەری لەسەر بەكارهێنانی دروستبكات.
– ئەگەر زۆر دەستاودەستی پێکرابێ و کاغەزەکە تێکچوبێ، بەشێوەیەک وێنە و زانیارییەکانی ناو دراوەكەی داپۆشیبێ.
– ئەگەر جێنیشانەی نوسین و رەنگ و بۆیە و خۆراك و رۆن و زەیتی لەسەربێت.
– ئەگەر لە شوێنێکی نەگونجاو هەڵگیرابێ و بۆنی پەیدا کردبێت.
بانكی ناوەندی عێراقی، بانكێكی سەربەخۆیە و بەرپرسە لە پاراستنی هاوسەنگی نرخ و جێبەجێكردنی سیاسەتی دراوەكان، لە ئێستادا ئەو بانكە سەرپەرشتی 10 بانكی بازرگانی و 26 بانكی ئەهلی و 16 بانكی ئیسلامی دەكات، هاوكات 19 بانكی بیانی و شەش دامەزراوەی دارایی و 31 كۆمپانیای گواستنەوەی سامان و دارایی بەڕێوەدەبات.