سلێمانی: پرۆژەی شەقامی سەد مەتری دەخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە

دوای شەش ساڵ بەسەر بڕیاری دروستكردنی شەقامی سەد مەتریی، دواجار ئەركی جێبەجێكردنی پرۆژەكە لە كۆمپانیا توركیەكان وەدەگیرێتەوە‌و رادەستی كۆمپانیا ناوخۆییەكان دەكرێت‌و لە مانگی داهاتووە پرۆژەكە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، قۆناغی یەكەمی پرۆژەكە، 32 كیلۆمەترەو ماوەی سێ ساڵ دەخایەنێت.  

نزیكەی شەش ساڵ لەمەوبەر لەسەر ئەم نەخشەیەی سلێمانی بڕیار لە دروستكردنی شەقامێكی نوێ  درا بەناوی شەقامی سەد مەترییەوەو  سێ كۆمپانیای توركی ئەركی جێبەجێكردنی پرۆژەكەیان گرتەئەستۆ. بەهەر هۆكارێك بێت پرۆژەكە  نەكەوتە بواری جێبەجێكردنەوەو لەسەرەتای ئەم مانگە ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێم بڕیارێكی  سێ خاڵ  لەبارەی پرۆژەكە دەركرد.

یەكەم: هەرسێ كۆمپانیا توركیەكە دەستەبەرداری جێبەجێكردنی پڕۆژەكە بوون
دووەم: پرۆژەكە ئەركی جێبەجێكردی درایە دەست كۆمپانیای قەیوان 
سێهەم: ئەم پرۆژەیە لەسەر میلاكی دیوانی پارێزگای سلێمانیەوە گواسترایەوە بۆ وەزارەتی شارەوانی 

كەمپی پرۆژەكە شەقامی سەد مەتری لە گوندی جێشانە لەوێ كەمپەكە نوێكرابۆوە ئامادەكاری دەكرا بۆ كاركردن تێدا.

بەرێوەبەری جێبەجێكاری گروپی كۆمپانیاكانی قەیوان دەڵێت: ئامادەن بەزوترین كات دەست بە جێبەجێكردنی قۆناغی یەكەمی پرۆژەكە بكەن، كە لە نێوان تاسڵوجە بۆ عەربەتە.

لە سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی زانیاری زیاترمان وەرگرت، بەڕێوەبەری نەخشەدانان دەڵێت: نەخشەی پرۆژەكە وەك خۆیەتی ‌و هیچ گۆڕانكارییەكی تێدا ناكرێت. 

پرۆژەی شەقامی سەد مەتری بە چوار دەوری سلێمانیدایە ‌و درێژییەكەی 146 كیلۆمەتر‌و 43 مەترە. ژمارەیەك شەقامی  یەكتربڕو‌و تونێلیش لەخۆدەگرێت.

شەقامە یەكتربڕەكانی بریتین لە( شەست مەتری ، چل مەتری، ‌و سی مەتری) جگە لە پردی یەكتر بڕو پەپولەی تونێلی تێدەكەوێت كە سێ كیلۆمەتر درێژە.

قۆناغی یەكەم ماوەی سێ ساڵ دەخایەنێت، ئەگەر كۆی پرۆژەكە وەكو خۆی‌و بەبێ‌ دەستكاریی جێبەجێ بكرێت، بە وتەی بەڕێوەبەری نەخشەدانانی شارەوانی، سلێمانی تا ساڵی 2042 پێویستی بە هیچ شەقامێكی تر نابێت.

KNN