یەکەمین کارگەی دروستکردنی ھەواکێشی کارەبایی لەسەر ئاستی عێراق لە سلێمانیە

یەکەمین کارگەی دروستکردنی “ھەواکێشی کارەبایی”  لەسەر ئاستی عێراق دەکەوێتە سنووری پارێزگای سلێمانی و لە توانایدایە ٩٥% پێداویستی بازاڕی ھەموو پارێزگاکانی عێراق دابین بکات.

سەروەر رەسوڵ  خاوەنی کارگەی دروستکردنی ھەواکێشی کارەبایی لە سلێمانی بە کوردسات نیوزی راگەیاند: یەکەمین کارگەین لەسەر ئاستی عێراقدا بتوانین ھەواکێشی کارەبایی دروستبکەین.

وتیشی: بوونی ئەم کارگەیە سوودێکی زۆری بۆ ناوخۆی ھەرێم ھەیە، چونکە ئێمە بە کوالێتییەکی باش و نرخێکی کەم دەیخەینە بازاڕەوە.

کارمەندانی کارگەکەش باسیان لە گرنگیی کارگەکە کرد بۆ زیادکردنی بەرهەمی ناوخۆ و رەخساندنی هەلی کار، هەروەها داواشیان لە حکومەتی هەرێم کرد هاوکاری زیاتری کەرتی تایبەت بکات.

 بوونی ئەم کارگانە لە کاتێکدایە حکومەتی ھەرێمی کوردستان پلانی ھەیە بۆ زیاتر پێشخستنی کەرتی پیشەسازی و زیادکردنی بەرھەمی ناوخۆیی بایەخی زیاتر بە کەرتی تایبەت بدات و پاڵپشتی تەواویان بکات.