به‌رپرسێك: قەرزی بچوك بۆ هاووڵاتیان دەكرێتەوە

به‌ڕێوه‌به‌ری سندوقی پڕۆژه‌ی بچوك ئاشكرای ده‌كات ، پلانیان داناوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی قه‌رزی بچوك بكرێته‌وه‌ و بدرێته‌ هاووڵاتیان، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ یه‌كێك له‌كاره‌ سه‌ره‌كیه‌كانی وه‌زیری تازه‌ی كارو كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی.

ئارام ئەنوەربەرێوەبەری سندوقی پرۆژە بچووكەكانی لاوان لە وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی، راگەیاند، پلان داندراوە قەرزی بچوك بكرێته‌وە، چونكە یەكێك لە كارە سەرەكیەكانی وەزیر دەستپێكردنەوەی قەرزی بچوك دەبێت بۆ ئەوەش بڕیارە بە چەند میكانزمێك كارەكە دەست پێ بكاتەوە”.

ناوبراو وتیشی، پێشنیازی خۆمان ئامادە كردووە، قەرزەكە بەو كەسانە دەدرێت كە مامەڵەیان پێشكەشكردووە و رەزامەندیشیان بۆ وەرگیراوە، بەڵام وەكو جاران نابێت یەكسەر پارەكەیان پێ بدرێت بەڵكو خولی تایبەتیان بۆ دەكرێتەوە لە ژێر سەرپەرشتی راهێنەری تایبەت دەبن”.

ئه‌و ئاماژەی بەوەشدا،  لەسەر پڕۆگرامێكی تایبەت خولەكە بۆ ئەو كەسانە دەكرێتەوە، ئامانج لەو میكانزمە تازە ئەوەیە كە هەر كەسێك پڕۆژەی تازە دەكاتەوە زانیاری تەواوی هەبێت لەسەر بەرێوەبردنی پڕۆژە و ئاشنایەتی بە بازاڕ نامانەوێت وەكو پێشووتر بێت بەڵكو دەمانەوێت لەسەرستاندارە جیهانیەكان بڕۆین”.

لە تەموزی 2011 پێدانی قەرزەكە دەستی پێكرد، كە لە نێوانی ملیۆنێك تاوەكو 15 ملیۆن دینار بەهەر كەسێك دەدرا كە قەرزەكەی وەرگرتووە.

بەپێی رێنماییەكان ئەو كەسەی داوای قەرز دەكات دەبێت تەمەنی لە 15 بۆ 35 ساڵی بێت، توانای بەرێوەبردنی پرۆژەی هەبێت لە دوكانێك تاوەكو مۆڵێك یان پرۆژەیەك، فەرمانبەری حكوومەت نەبێت و لە كاتی وەرگرتنی قەرزەكە دەبێت كەفیلی هەبێت ئەگەر پارەكە كەم بێت یەك كەفیلی دەوێتن بەڵام ئەگەر 15 ملیۆن بێت ئەوە دەبێت دوو كەفیلی هەبێت.

زیاتر لە 600 كەس كە مامەڵەكانیان تەواو بووە و فەرمانی وزاریان هەیە و چاوەڕوانی پێدانی قەرزەكانیان دەكەن.