لە شاری سلێمانی كۆمپانیاكانی پاككردنەوە و گواستنەوەی خۆڵ و خاشاك پابەند دەكرێن بە جیاكردنەوەی ماددە پلاستیكییەكان و خاوەنی رێستۆرانت و چێشتخانەكانیش بەهەمان شێوە پابەند دەكرێن بە جیاكردنەوەی ماددە خۆراكییەكان لەگەڵ ماددە پلاستییكییەكان, قائیمقامی سلێمانیش دەڵێت ئامانج لە بڕیارەكە پاراستنی ژینگەو تەندروستی هاوڵاتیانەو هەر شوێنێك پابەند نەبێت رووبەڕووی سزای توندی یاسایی دەبێتەوە
ئەمڕۆ دووشەممە 22 تەمەوزی 2019, ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی لەگەڵ بەرپرسانی بەشی خزمەتگوزاری شارەوانی سلێمانی و نوێنەری كۆمپانیاكانی پاككردنەوەدا كۆبووەوە و هەنگاوەكانی جیاكردنەوەی ماددە پلاستیكییەكان لەگەڵ ماددە خۆراكییەكان تاوتوێكراو بڕیاری پێویستیان لەبارەوە درا ,
قائیمقامی سلێمانی رایگەیاند:بڕیاری جیاكردنەوەی ماددە پلاستیكییەكان لە ڕوانگەی زیانەزۆرەكەی ماددە پلاستیكییەكان بۆ سەر تەندروستی هاوڵاتیان و ژینگە دراوە و بڕیارەكە جێبەجێ دەكەن , ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد پێویستە كۆمپانیاكانی پاكردنەوە و گواستنەوەی خۆڵ و خاشاك و خاوەنی رێستۆرانت و چێشتخانەكان پابەند بن بە بڕیاری جیاكردنەوەی ماددە پلاستیكییەكان لەگەڵ ماددە خۆراكییەكان.
لە كۆبوونەوەكەشدا چەند بڕیارێك لەم بارەیەوە درا كه بریتین له:
1.كۆمپانیاكانی پاككردنەوە و گواستنەوەی خۆڵ و خاشاك پابەند دەبن بەجیاكردنەوەی ماددە پلاستیكییەكان لەگەڵ ماددە خۆراكییەكانی تر
2.كۆمپانیاكانی پاككردنەوە “ئوتومبێلی تایبەت” بەكار دەهێنن بۆ گواستنەوەی ماددە پلاستیەكییەكان و لۆگۆیی ماددە پلاسنتیكییەكانی لەسەر دەبێت
3.رێستۆرانت و چێشتخانەكان “سەتڵی خۆڵی تایبەت” بە جیاكردنەوەی ماددە پلاستیكییەكان بەكار دەهێنن كە رەنگی سەوزی كاڵ دەبێت
4.هەر رێستۆرانت و چێشتخانەیەك پابەند نەبێت بەجیاكردنەوەی ماددە پلاستیكییەكان زبڵوخۆڵ و خاشاكەكەی لەلایەن كۆمپانیاكانی پاككردنەوەوە ناگواسترێتەوە و خۆی بەرپرسیار دەبێت لە بەرامبەر لابردنی زبڵ و خۆڵ و خاشاكەكەی
لەبارەی بڕیارەكانەوە ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی رایگەیاند: ئامانجیان پاراستنی ژینگەو تەندروستی هاوڵاتیانە لە زیانە زۆرەكەی ماددە پلاستیكییەكان و بڕیارەكان لەلایەنە لیژنەهاوبەشەكانەوە بەدواداچونیان بۆ دەكرێت و جێبەجێ دەكرێن , ووتیشی هەر شوێنێك پابەند نەبێت رووبەڕووی سزایی توندی یاسایی دەكرێتەوە.