هوتێلە داخراوەكانی كوردستان دەكرێنەوە

بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و دەستپێكردنی پشووی هاوینەی قوتابخانەكان، رۆژانە بە لێشاو گەشتیارانی عێراق روو لە هەرێمی كوردستان دەكەن، بەم هۆیەشەوە كەرتی گەشتیاری بووژاوەتەوە و زۆربەی ئەو هۆتێلانەی  پێشتر داخرابوون، جارێكی دیكە كراونەتەوە.  

ساڵی2013 دوو ملیۆن و 952 هەزار گەشتیار روویان لە هەرێمی كوردستان كرد، بەڵام بەهۆی هێرشی داعش و تێكچوونی پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا، گەشەی ئەم كەرتە رووی لەلاوازی كرد، بە جۆرێك هاتنی گەشتیاران لە ساڵی 2014 بەراورد بە 2013 بەڕێژەی 48% كەمی كرد، ساڵی 2015 رێژەكە بەرزبووەوە بۆ 73.6%.

بەڵام لە دوو ساڵ و شەش مانگی رابردوودا جارێكی دیكە ئەم كەرتە بووژاوەتەوە، بە جۆرێك ساڵی رابردوو 3 ملیۆن و 57 هەزار گەشتیار روویان لە كوردستان كرد.

نادر رووستی، وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان دەڵێت: “لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا زیاتر لە یەك ملیۆن و 700 هەزار گەشتیار روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە، لەچاو شەش مانگی یەكەمی ساڵی رابردوو ژمارەی گەشتیاران 23% زیاد بووە”. رووستی پێشبینی دەكات تاوەكو كۆتایی ئەمساڵ ژمارەی ئەو گەشتیارانەی سەردانی هەرێمی كوردستان دەكەن بگاتە 3.5 ملیۆن گەشتیار.

دەستەی ئاماری هەرێم بە هاوكاریی دەستەی گەشتوگوزار و كۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەكانی هەرێمی كوردستان لە كۆتایی ساڵی 2017 رووپێوییەكی مەیدانی بۆ هاتنی گەشتیاران و خەرجی و مانەوەیان لە نێوان ساڵانی 2013 بۆ 2016 كردبوو.

لە رووپێوییەكەدا دەركەوت لە ساڵی 2016 كۆی ژمارەی میوان لە یەكە گەشتیارییەكان 1.237.438 میوان بووە، ئەمەش لەچاو ژمارەی میوان لە ساڵی 2013 بەڕێژەی 56.8% كەمیكردبوو. هەروەها ژمارەی شەوانی مانەوەی میوان لە یەكە گەشتیارییەكان لە ساڵی 2016دا  3.739.022 شەو بووە، بە بەراورد بە شەوانی مانەوەی میوان لە ساڵی 2013 بەڕێژەی 43% دابەزیبوو. بەو هۆیەش داهاتی كەرتی گەشتیاری 37.6% كەمی كردبوو.

بەپێی رووپێوییەكە، لە ساڵی 2016 لە كۆی 1,128 یەكەی گەشتیاری تەنیا 636 یەكەی گەشتیاری لەكاردابوون، 339 یەكەی گەشتیاری كاریان نەكردووە یان داخراون، 101 یەكەی گەشتیاریش شوێنەكەیان كراوەتە شتی دیكە.

ئەو 339 یەكە گەشتیارییەی لە ساڵی 2016 كاریان نەكردووە یان داخراون 159 یان لە هەولێر ، 110 لە سلێمانی و 69 یان لە دهۆك بوون، لەناویاندا شەش هۆتێلی 5 ئەستێرەیی و هەشت هۆتێلی 4 ئەستێرەیی هەبوون.

نادر رووستی دەڵێت: “بەهۆی قەیرانی دارایی و شەڕی داعشەوە، هاتنی گەشتیار لە ساڵانی 2014 تاوەكو 2016 رووی لە كەمی كرد، بەم هۆیەوە ژمارەیەك هۆتێل داخران، بەڵام لە دوو ساڵ و شەش مانگی رابردوودا هاتنی گەشتیار زیاد بووە، ئەو هۆتێلانەشی كە پێشتر داخرابوون ئێستا سەرجەمیان كراونەتەوە، تەنیا هەندێك هۆتێل نەبێت كە بەهۆی گرفتی كارگێڕی و كێشەی تایبەت بە خۆیان تا ئێستا نەكراونەتەوە”.

بەپێی ئاماری دەستەی گەشتوگوزار، ئێستا 1075 شوێنی مانەوەی گەشتیاران هەن كە بریتین لە 625 هۆتێل، 370 مۆتێل، 80 گوندی گەشتیاری، ئەمە جگە لە نزیكەی 800 رێستۆرانت و كافتریای گەشتیاری و سەتان كەپری گەشتیاری لە ناوچە گەشتیارییەكان.

لە پارێزگای هەولێر 281 هۆتێل، 122 مۆتێل، 42 گوندی گەشتیاری هەن كە 14 هەزار و 615 ژووریان هەیە و شەوانە توانای راگرتنی 370 هەزار و 92 میوانیان هەیە. هەروەها 340 چێشتخانە و 115 كافتریا هەن. 

زیرەك بیا ئیلیا، سەرۆكی لقی هەولێری كۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەكانی هەرێمی كوردستان دەڵێت: “لە ساڵانی رابردوودا بەهۆی كەمبوونەوەی گەشتیار خاوەن هوتێلەكان تووشی زیانی گەورە بوون، ژمارەیەكی زۆر هۆتێل و مۆتێل داخران، تەنانەت 23 هوتێل بە فەرمی مۆڵەتەكانیان هەڵوەشاندەوە و ئەندامێتیان لەلای ئێمە هەڵپەسارد كە هوتێلی 5 ئەستێرە و 4 ئەستێرەیان تێدابوو”.

زیرەك بیا ئیلیا ئاماژەی بەوەدا كە بەهۆی باشبوونی بارودۆخی گەشتیاری، ئەم هۆتێلانەی كە پێشتر داخرابوون ئێستا دووبارە كراونەتەوە.

سەبارەت بە مانەوەی گەشتیاران لە هوتێلەكان، زیرەك دەڵێت: “بە گشتی سەرجەم ئەو گەشتیارانەی لەڕێگەی گرووپەكانەوە دێن 3 تاوەكو 4 شەو دەمێننەوە، ئەو گەشتیارانەشی بە ئۆتۆمبێلی خۆیان دێن، نزیكەی 50%یان لە هۆتێلەكان دەمێننەوە”.

سەرجەم هۆتێل و مۆتێلەكان وەك یەك سوودمەند نین لە داهاتی گەشتیاری، بەڵكو بە گوێرەی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری دەگۆڕێ‌. زیرەك دەڵێت: “ئەو هۆتێلانەی كە خزمەتگوزاری وەك باڕ، مەلەوانگە، سەنتەری وەرزش، مەساج و ئینتەرنێت و چێشتخانەی باشیان تێدایە، ژوورەكانیان پڕن لە میوان”. 

بەهۆی كێبڕكێی هۆتێلەكان بۆ راكێشانی سەرنجی گروپە گەشتیارییەكان، نرخی مانەوە لە هوتێلەكانی كوردستان زۆر كەم بووە، زیرەك دەڵێت: “نرخی شەوی مانەوە بەتایبەت بۆ گرووپە گەشتیارییەكان زۆر دابەزیوە، لە حەوت هەزارەوە دەستپێدەكات تا دەگاتە 20 هەزار دینار، ئەو نرخەش زۆر كەمە”.

هوتێلی وایت گاردینیا، سێ‌ ساڵ لەمەوبەر بەهۆی كەمیی میوانەوە داخرا، بەڵام دوو مانگ لەمەوبەر جارێكی دیكە لەلایەن لوبنانییەك كرایەوە. تۆنی حارس، بەڕێوەبەری گشتیی رێستۆرانت و هۆتێلی وایت گاردینیا لە شاری هەولێر كە پێشتر ئیدارەی دوو هوتێلی دیكەی لە هەولێر كردووە، دەڵێت: “باشبوونی باری ئابووری و ئاسایشی هەرێمی كوردستان و زیادبوونی ژمارەی گەشتیاران، وای لێكردین جارێكی دیكە بۆ وەبەرهێنان لە كەرتی گەشتیاری بگەڕێینەوە هەولێر”.

تۆنی پێیوایە ئەگەر ستافی هۆتێلەكان بەشێوەیەكی دروست مامەڵە لەگەڵ زەوقی گەشتیاری عەرەب بكەن و خزمەتگوزارییەكانیان باش بێت، هیچ هۆتێلێك ژوورەكانی چۆڵ نابێت.

هاوشێوەی هەولێر، ئەو هوتێلانەی پێشتر لە سلێمانی داخرابوون ئێستا كراونەتەوە و جمەیان دێت لە گەشتیار. مەحمود تۆفیق، سەرۆكی لقی سلێمانی كۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەكانی هەرێمی كوردستان، دەڵێت: “ماوەی دوو ساڵە بەهۆی زیادبوونی ژمارەی گەشتیار بارودۆخی هۆتێلەكانی سلێمانی زۆر باش بووە، زۆربەی ئەو هۆتێلانەی پێشتر داخرابوون، كراونەتەوە”.

وتیشی: “نرخی مانەوەی شەوێكی میوان لە هۆتێلەكانی سلێمانی بۆ گروپە گەشتیارییەكان لە 15 هەزار دینار كەمتر نییە. بەگوێرەی ئەستێرە و خزمەتگوزارییەكانیش نرخەكە بەرز دەبێتەوە تاوەكو 25 هەزار ، نرخی مانەوە لە هۆتێلی 3 ئەستێرە و 4 ئەستێرەش لە 50 هەزار دینار كەمتر نییە”.