بەرپرسێكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت ”هاوردەكردنی چەند كەلوپەل و بەرهەمێكی خۆراكی لە ئێرانەوە بۆ هەرێمی كوردستان قەدەغە دەكرێت”.
ئەحمەد كهلاری، ئەندامی ئەنجومەنی كارگێڕی لە ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی، بە SNNی ڕاگەیاند: ” دوای ئەوەی گەمارۆی ئابووری خرایە سەر ئێران، هەناردەی چەند مەوادێكی بنەڕەتی لەو وڵاتەوە قەدەغەكرا، بەتایبەت بەرهەمەكانی دانەوێڵە و هیچ مۆڵەتێكیش بۆ هاوردەكردنیان نادرێت”.
ئەحمەد عەلی، وتیشی:” لەئێران باج خراوەتە سەر كۆمەڵێک خۆراک بۆئەوەی هەناردەكردنیان سنووردار بكرێت و نرخەكەشی لە ناوخۆی وڵاتەكە بەرزنەبێتەوە، لەوانەش خورما.
بەوتەی ئەو بەرپرسەی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، كۆمەڵێک كاڵا و خۆراكی دیكە سنوورداركراون و دەشڵێت: “هەر بەرهەمێک هەناردە بكرێت بەناوی بەرهەمهێنەرەوە تۆماردەكرێت و مەرجیش ئەوەیە بازرگانییەكە بەدۆلار بێت و هێندەی كاڵاكەش پارەی دەرەكی بباتە ناو ئێرانەوە”.
سەبارەت بەدروستبوونی گرانی و بەرزبونەوەی نرخی كاڵا و شتومەكی ئێرانی، ئەحمەد عەلی ڕەتیكردەوە گرانی دروست ببێت و وتی:” بەهای دیناری عێراقی جێگیرە بەرامبەر بە دۆلار، ئەو كاڵایانەشی ڕێگەی پێنادرێت بهێندرێت، بازرگانەكانمان لەوڵاتانی دیكەوە هاوردەی دەكەن”.