دوای ئەوەی پنتاگۆن بڕیاری دا فڕۆكەی جەنگیی F35 رادەستی توركیا نەكات، بە هۆی ئەوەی توركیا بە بێ گوێدانە ناتۆ، سیستەمی بەرگریی S400ی لە رووسیا كڕیوە، بەهای لیرەی توركی بەرامبەر دۆلاری ئەمریكی زیاتر دابەزی.
بە گوێرەی ئەو راپۆرتانەی لە میدیاكانی ئەمریكا بڵاوكراونەتەوە، ئەمریكا لە هەنگاوی یەكەمدا سزای ئابووری بەسەر توركیادا ناسەپێنێ، بەڵكو سزاكان زیاتر سەربازی دەبن، بۆ نمونەش راگرتنی دروستكردنی فڕۆكەی جەنگیی F35 بە هاوبەشی لەگەڵ توركیا، هەروەها راگرتنی مەشقپێكردنی سەربازانی توركیا و چەند هەنگاوێكی سەربازی تر.
بەم هۆیەوە لە دوێنێ پێنجشەممەوە بەهای لیرەی توركی بەرامبەر بە دۆلار دابەزینی تۆمار كردووە، دوێنێ ١٠٠ دۆلاری ئەمریكی بە ٥٧٠ لیرە ئالوگۆڕی پێوە كرا، ئەمەش لە كاتێكدا بوو لە دوو رۆژی پێشوودا بە ٥٦٠ لیرە ئالوگۆڕی پێوە دەكرا، ئەمڕۆ ١٠٠ دۆلار بە ٥٦٤ لیرە مامەڵەی پێوەكرا.
پنتاگۆن بڕیاری داوە هەموو ئەو فڕۆكەوانانە رەوانەی توركیا دەكاتەوە، كە لە ئەمریكان بۆ فێربوونی چۆنیەتی بەكارهێنانی فڕۆكە نوێیەكە، بۆیە ئەمەش دەبێتە خاڵێكی بەهێزی ناكۆكی نێوان توركیا و ئەمریكا، توركیاش خۆی ئامادە دەكات تا بتوانێ وەكو جێگرەوەی F35، چەند فڕۆكەیەكی تەكنەلۆژیای بەرز لە رووسیا بكڕێت.
ماڵپەڕی (بلومبێرگ) بەشی توركی، ئاماژەی داوە ئەگەر ناكۆكی نێوان توركیا و ئەمریكا پەرە بستێنێ، رەوشی ئابووریی توركیا بەرەو خراپتر دەچێت و بەهای لیرەی توركی بە رێژەیەكی بەرچاو بەرامبەر بە دۆلار دادەبەزێت.