هه‌رێم ..هاورده‌كردنی‌ ئۆتۆمبێل ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌

له‌سبه‌ینێوه‌ هاورده‌كردنه‌وه‌ی‌ ئۆتۆمبێل له‌مه‌رزی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ باشماخه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ فه‌رمیی‌ ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ مه‌رزه‌كه‌ش ئاشكرایده‌كات، هه‌ركۆمپانیایه‌ك سه‌رپێچیی‌ له‌مه‌رجه‌كاندا بكات، ڕێگه‌ی‌ پێنادرێت ئۆتۆمبێل هاورده‌ بكات.
(ڕۆسته‌م مه‌حمود) سه‌په‌رشتیاری‌ ده‌روازه‌ی‌ مه‌رزی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ باشماخ به‌NNAڕاگه‌یاندوە، به‌گوێره‌ی‌ ئه‌و ڕێنماییانه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ هه‌رێم ده‌ریكردون، به‌ئاگاداریی‌ چوار لیژنه‌ له‌وه‌زاره‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان، بڕیاره‌ له‌سبه‌ینێوه‌ هاورده‌كردنی‌ ئۆتۆمبێل بۆ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌ستپێبكاته‌وه‌، ئه‌وه‌ش به‌گوێره‌ی‌ ئه‌و ڕێنمایی‌‌و مه‌رجانه‌ی‌ بۆ كۆمپانیاكان دانراون.
وتیشی‌:”لیژنه‌كان پێكدێن له‌نوێنه‌ری‌ وه‌زاره‌ته‌كانی‌ (پلاندانان، بازرگانی‌، دارایی‌‌و ئابوریی‌‌و  ناوخۆ)، هه‌ریه‌كه‌ له‌و لیژنانه‌ چه‌ند ڕێنمایی‌‌و مه‌رجێكی‌ تایبه‌ت به‌خۆیان هه‌یه‌ بۆ هاورده‌كردنی‌ ئۆتۆمبێل”. 
ڕۆسته‌م مه‌حمود ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكرد، به‌گوێره‌ی‌ ئه‌و نوسراوه‌ی‌ به‌ده‌ستیان گه‌یشتووه‌، ئه‌و كۆمپانیایه‌ی‌ ڕێوشوێنه‌ یاساییه‌كانی‌ ته‌واوكردووه‌، ده‌توانێت له‌ڕێگه‌ی‌ مه‌رزی‌ نێوده‌ڵه‌تی‌ باشماخه‌وه‌ ده‌ستبكات به‌هاورده‌كردنی‌ ئۆتۆمبێل بۆ هه‌رێمی‌ كوردستان، ئاشكراشیكرد، یه‌كێك له‌كۆمپانیاكان ئۆتۆمبێله‌كانی ئاماده‌كردووه‌، له‌دیوی‌ ئێرانه‌و پێده‌چێت ئه‌مڕۆ، یاخود سبه‌ینێ‌ هاورده‌ی‌ هه‌رێمیان بكات.
سه‌په‌رشتیاری‌ ده‌روازه‌ی‌ مه‌رزی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ باشماخ ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو، هه‌ركۆمپانیایه‌ك سه‌رپێچی‌ ئه‌و ڕێنماییانه‌ بكات، كه‌ ئه‌و چوار لیژنه‌یه‌ دایان ناوه‌، ئه‌وا ڕێگه‌ناده‌ن به‌هاورده‌كردنی‌ ئۆتۆمبێله‌كانیان.
ماوه‌ی‌ زیاتر له‌دوو مانگه‌، حكومه‌تی‌ هه‌رێم به‌مه‌به‌ستی‌ دانانی‌ سنورێك بۆ هاودره‌كردنی‌ ئۆتۆمبێل‌و دیاریكردنی‌ جۆرو كوالێتی‌ ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ی‌ هاورده‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌كرێن، به‌بڕیارێك هێنانی‌ ئۆتۆمبێلی‌ له‌ڕێگه‌ی‌ سه‌رجه‌م مه‌رزه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه‌وه‌ ڕاگرت.