ده‌روازه‌ی سنووری له‌ نێوان عێراق و سعوودیه‌ له‌ ١٥ی تشرینی یه‌كه‌می داهاتوودا ده‌كرێته‌وه‌

دوای كردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌ی سنووری عه‌رعه‌ر له‌ دوای ٢٩ ساڵ كه‌ تاكه‌ ده‌روازه‌ی سنوورییه‌ له‌ نێوان عێراق و سعوودیه‌، ئاماده‌كاری ده‌كرێت بۆ دووباره‌ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی خزمه‌ت به‌ هاوڵاتییان.

عه‌بدولعه‌زیز شه‌ممەری، باڵیۆزی سعوودیه‌ له‌ به‌غداد له‌ لێدوانێكیدا بۆ ته‌له‌ڤیزیۆنی ئه‌لعه‌ره‌بیه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد كه‌ ده‌روازه‌ی سنووری عه‌رعه‌ر له‌ ١٥ی تشرینی یه‌كه‌می داهاتوودا، به‌ فه‌رمی ده‌كرێته‌وه‌.

عه‌بدولعه‌زیز شه‌ممەری باسی له‌وه‌ كرد كه‌ ئەم هەنگاوە هاوكار ده‌بێت له‌ زیادكردنی سه‌ردان له‌ نێوان به‌غداد و ریاز، به‌ هۆی ئه‌وه‌ی تاكه‌ ده‌روازه‌ی سنوورییه‌ له‌ نێوان هه‌ردوو وڵاتدا، چاوه‌ڕوانیش ده‌كرێت ساڵانه‌ ٦٠٠ هه‌زار عێراقی به‌تایبه‌تی حاجیان ئه‌و ده‌روازه‌ سنوورییه‌ به‌كاربهێنن.

ده‌روازه‌ی سنووری عه‌رعه‌ر، تاكه‌ ده‌روازه‌ی نێوان سنووری عێراق و سعوودیه‌یه‌.

عێراق و سعوودیه‌یه‌، ٨١٢ كیلۆمەتر سنووری هاوبەشیان هه‌یه‌.

دوای ئه‌وه‌ی عێراق له‌ ساڵی ١٩٩٠دا كوێتی داگیركرد، حكوومه‌تی ریاز سەرجەم په‌یوه‌ندیه‌ دیپلۆماسییه‌كانی له‌گه‌ڵ به‌غداد بچڕاند و ده‌روازه‌ سنوورییه‌كه‌شی داخست.

له‌ دوای نه‌مانی هه‌ڕه‌شه‌ی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش، عێراق رایگه‌یاند كه‌ خوازیاری په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كانه‌ له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش.

له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا له‌ تشرینی یه‌كه‌می ٢٠١٧دا، ئه‌نجوومه‌نی هه‌ماهه‌نگیی سعوودیه‌-عێراق دامه‌زرێنرا به‌ مه‌به‌ستی به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی به‌غداد و ریاز.

ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌ له‌سه‌ر رێككه‌وتنێكی ١٦ خاڵی بۆ به‌هێزكردنی ئابووریی گه‌یشتنه‌ رێككه‌وتن، گرنگترین خاڵی رێككه‌وتنه‌كه‌ كه‌ چووه‌ته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌ ئاماده‌كارییه‌ بۆ كردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌ سنووریه‌كه‌ بۆ كاری بازرگانیی و ده‌ستپێكردنی گه‌شتی ئاسمانیی نێوان هێڵه‌ ئاسمانییه‌كانی هه‌ردوو وڵات.