وه‌زیری كاره‌با بۆ به‌رێوه‌به‌رانى وه‌زاره‌ت, لەخزمەتی هاوڵاتیاندابن لەسەر بنەمای گەیاندنی خزمه‌تگوزاری پێویست, ده‌بێت بەشێوەی یەکسان و دادپەروەرانە کارەبای نیشتیمانى بەسەر هاوڵاتیاندا دابه‌ش بكرێت.
له‌راگه‌یاندراوێكدا وه‌زاره‌تى كاره‌بای هه‌رێمی كوردستان بڵاوی كرده‌وه كه دوای دەستبەکاربوونی کەمال محه‌مه‌د وەزیری کارەبا لە پۆستی نوێی دا، ئەمڕۆ سێشه‌ممه 16 ى 7 ى 2019 ، لە دیوانی وەزارەتی کارەبا سەرپەرشتی یەکەمین کۆبوونەوەی وەزارەتی کرد،
راشیده‌گه‌یه‌نن له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا وەزیری کارەبا داوای لە ستافی وەزارەت کرد لە 4 ساڵی داهاتوودا هاوکارو هەماهەنگ بن لەبەرەوپێشچوونی وەزارەت و بونیاتنانەوەی ژێرخانی کارەبا و باشتر گەیاندنی خزمەتگوزاریی کارەبا بەهاوڵاتیان.
لەو کۆبوونەوەیەدا بەتێروتەسەل باس لەو کاروچالاکیانە کرا کە لەماوەی رابردوو سەرەڕای قەیرانی دارایی و نەبوونی بودجە توانراوە جێبەجێ بکرێت، دواتر وەزیری کارەبا باسی لەو رێوشوێنی پێویست و گونجاو کرد تاوەکو لەم کابینەیەدا کارنامەی وەزارەت داڕێژرێت و بەزووترین کات بچێتە قۆناغی جێبەجێکردنەوەو بەپێى توانا بەجیددی کاری لەسەر بکرێت.
وه‌زاره‌تى كاره‌بای هه‌رێم ده‌شڵێت ، دواتر بەڕێوەبەرە گشتییەکانی کارەبا باسی ئەو ئاستەنگ و بەربەستانەیان کرد کە بووەتە هۆی دواکەوتنی جێبەجێکردنی زۆر لە پرۆژەکانی کارەبا. لەدرێژەی قسەکانی دا کەمال محه‌مه‌د وەزیری کارەبا کارنامەی خۆی لەسەرجەم سێکتەرەکان خستەڕوو داوای لەسەرجەم بەڕێوەبەرایەتیەکانی وەزارەت کرد بەشێوەیەکی وورد کار لەسەر ئەو بابەتە بکرێت تاوەکو بتوانرێت بەشێوەیەکی یەکسانانەو دادپەروەرانە وزەی کارەبا بەسەر هاوڵاتیاندا دابەش بکرێت و لەخزمەتی ئەواندا بن و مامەڵەکردن لەگەڵ هاوڵاتییاندا لەسەر بنەمای گەیاندنی ئەو خزمەتگوزارییە بێت.