بەرێوەبەرایەتیی پاسپۆرتی سلێمانی چارەسەرکردنی کێشەی کەمیی دەفتەری پاسپۆرتی راگەیاند.
سالار عەبدوڵا بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی راگەیاند: لە سەرەتای ئەمساڵدا بەھۆی کڕینی ئامێری چاپکردنی دەفتەری پاسپۆرت لە ئەڵمانیا و تێستکردنی، بەرھەمەکانی زۆر کەم بوون، ئەوەش گرفتی بۆ ھاووڵاتیان دروستکردبوو نەتوانرا وەک پێویست کارەکانیان رابپەڕێنرێن.
بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لە ئێستادا کارگەکە بەرھەمەکانی چاپکردنی دەفتەری پاسپۆرتی چارەسەر کردووە و بە رێژەیەکی بەرچاو پاسپۆرت بەرھەمبھێنێت کە ھەفتانە بڕی 30 ھەزار بۆ 50 ھەزار دەفتەری پاسپۆرت بەرھەمدەھێنێت، ھاوکات ئەو بڕەش بەسەر بەڕێوەبەرایەتییەکانی پاسپۆرتدا لە عێراق دابەش دەکرێت.