مه‌رجه‌كانی سودمه‌ندبوون له‌یه‌كه‌كانی نیشته‌جێبوون

سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی داكۆكی له‌مافی كرێنشینانی كوردستان ئاشكرایكرد، ئه‌و خێزانانه‌ی سودمه‌ند ده‌بن له‌یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون، مه‌رج نییه‌ له‌كۆمه‌ڵه‌ی كرێنشینان ناوی خۆیان تۆماركردبێت، چه‌ندین مه‌رجی تایبه‌تیش بۆ سودمه‌ندبوون له‌یه‌كه‌كانی نیشته‌جێبوون دانراون.
(گوڵزار مه‌حمود) به‌ NNA ڕاگه‌یاندوە، سه‌رجه‌م ئه‌وانه‌ی كرێنشینن، مه‌رج نییه‌ ناویان له‌كۆمه‌ڵه‌ی كرێنشینان تۆماركرابێت، ده‌توانن فۆڕمی تایبه‌ت به‌یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون وه‌ربگرن، فۆڕمه‌كانیش له‌ (32) خاڵی تایبه‌ت به‌كرێنشینان پێكهاتووه‌. وتیشی:”له‌وردبینیكردنی فۆڕمی یه‌كه‌كانی نیشته‌جێبووندا، ئه‌وله‌ویات ده‌درێت به‌و هاوڵاتیانه‌ی كه‌ ماوه‌ی چه‌ندین ساڵه‌ له‌كرێچێتیدان، ئه‌وانه‌شی كه‌ ماوه‌یه‌كی زۆره‌ هاوسه‌رگیرییان كردووه‌، ئه‌و خێزانانه‌شی له‌خانوویه‌كی خراپدان، بۆیه‌ ده‌توانرێت بوترێت مه‌رجێكی زۆر بۆ ئه‌و خێزانانه‌ دانراوه‌، كه‌ بۆ یه‌كه‌مجار له‌یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون سودمه‌ند ده‌بن”.
سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی داكۆكی له‌مافی كرێنشینانی كوردستان ڕوونیكرده‌وه‌، هه‌وڵی جدیش خراوه‌ته‌گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی سنورێك بۆ زۆریی بڕی كرێی مانگانه‌ی یه‌كه‌كانی نیشته‌جێبوون دابنرێت، چونكه‌ له‌زۆر یه‌كه‌ی نیشته‌جێبووندا، مانگانه‌ بڕه‌ پاره‌یه‌كی زۆر له‌هاوڵاتیان له‌به‌رامبه‌ر كرێنشینیاندا وه‌رده‌گیرێت.