وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن ڕاپۆرتی چوار ساڵی وەزارەتەكەی ئاشكرا دەكات كە زۆرترین پڕۆژەی بۆ سلێمانی كراوە كە دوو هێندەی شارەكانی ترە.
ئەمڕۆ دووشەممه 15ـی تەمووز، وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاماری چوار ساڵی پڕۆژەكانی كراون ئاشكرا كرد. لە ئامارەكە هاتووە، وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن لە ماوەی چوار ساڵدا، پڕۆژەی سێ رێگای دووساید، سێ رێگای سەرەكی یەك ساید و شەش پرد و یەك تونێلی جێبەجێ كردووە، هەروەها 16 پرۆژەی نیشتەجێبوون كە هەزار و 570 یەكەی لەخۆگرتووە جێبەجێكراون و 92 رێگاوبان چاككراونەتەوە.
وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن ڕوونی كردووەتەوە، 18 پڕۆژەی بیناسازی دروستكردووە و 88 پرۆژەی جۆراوجۆریشی جێبەجێكردووە تێچووی تەواوی ئەو پرۆژانە 641 ملیار و 891 ملیۆن و 110 هەزار دیناری عێراقی بووە.
پڕٍۆژەكانی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن لە كابینەی هەشتەم بەرێژەی جیاواز بەسەر پارێزگاكانی هەرێمدا دابەشكراون كە سەرجەمیان دەكاتە 338 پرۆژە بەمشێوەیە:
1- هەولێر 85 پرۆژە.
2- سلێمانی 187 پرۆژە.
3- دهۆك 47 پرۆژە.
4- كەركووك 19 پرۆژە.