داوا له‌ وڵاتانی ئه‌وروپا ده‌كرێت كارئاسانی بكه‌ن له‌ پێدانی ڤیزای شنگن به‌ هاوڵاتیانی عێراق

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق، داوای له‌وڵاتانی یه‌كێتی ئه‌وروپا كرد كارئاسانی بكه‌ن له‌ پێدانی ڤیزای شنگن به‌و هاوڵاتییانه‌ی وڵاته‌كه‌ی كه‌ خواستیان هه‌یه‌ به‌مه‌به‌ستی گه‌شتوگوزار، خوێندن و بازرگانی سه‌ردانی ئه‌ورووپا بكه‌ن.

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق، محه‌مه‌د عه‌لی حه‌كیم له‌ به‌غدا له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری باڵای یه‌كێتیی ئه‌ورووپا له‌ سیاسه‌تی ده‌ره‌كی و كاروباری ئاسایش، فێدێریكا مۆگێرینی كۆبووه‌وه‌ و دواتر كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی هاوبه‌شیان ئه‌نجام دا.

له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق رایگه‌یاند ”وڵاته‌كه‌ی كار ده‌كات بۆ كاراكردنی كه‌رتی گه‌شتیاریی و ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد كه‌ له‌گه‌ڵ مۆگێرینی تاوتوێی پرسی دووباره‌ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی گه‌شته‌ ئاسمانییه‌كانی عێراقیان بۆ دۆخی ئاسایی له‌ ئه‌ورووپاوه‌ بۆ عێراق و به‌پێچه‌وانه‌وه‌، كردووه‌”.

له‌ لای خۆیه‌وه‌ نوێنه‌ری باڵای یه‌كێتیی ئه‌ورووپا له‌ سیاسه‌تی ده‌ره‌كی و كاروباری ئاسایش، فێدێریكا مۆگێرینی رایگه‌یاند “عێراق تاوه‌كو ئێستا پێویستی به‌ یه‌كێتیی ئه‌ورووپا هه‌یه‌”.