بەڕێوەبەری گشتی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی دەڵێت، داوایان لە دەسەڵاتی فڕۆكەوانی عیراق كردووە، گەشتی نێوان هەولێر و سلێمانی بكاتەوە، ئەم داوایەش بە وتەی ئەو” لەبەرژەوەندی هاووڵاتییانە و لەگەڵ سەلامەتی و پاراستنی گیانی هاووڵاتیان، دەبێتە مایەی كەمكردنەوەی ڕووداوەكانی هاتووچۆ”.
تاهیر عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری گشتی فڕۆكەخانەی سلێمانی ڕاگەیاند” لەسەرەتای ئەمساڵەوە بەفەرمی داوایان لە دەسەڵاتی فڕۆكەوانی عیراق كردووە، هێڵێكی فڕۆكەوانی لە نێوان هەولێر و سلێمانی و بەپێچەوانەوە بكرێتەوە، لەئێستاشدا ئەو داواكارییە لەلایەن دەسەڵاتی فڕۆكەوانی عیراقەوە تاوتوێ دەكرێت”
بە وتەی تاهیر عەبدوڵڵا” هەرچەندە هێڵی ئاسمانی عیراق، هێڵێكی نیشتمانییە و پێویستە هاوكاری هاووڵاتیان بكات، بەڵام داواكەمان لەلایەن هێڵی بازرگانی ئاسمانی عیراقەوە، لێكۆڵینەوەی لەبارەوە دەكرێت و تائێستا لەبارەی داواكارییەكانیان وەڵام نەدراونەتەوە”.
بەڕێوەبەری گشتی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی دەڵێت” كردنەوەی ئەو هێڵە سوودی زۆری بۆ هاووڵاتییان هەیە چونكە، ماوەی نێوان هەولێر-سلێمانی زۆر كەمدەكاتەوە، وێڕای سەلامەتی ڕێگەوبان و پاراستنی گیانی هاووڵاتیان و كەمكردنەوەی رووداوەكانی هاتووچۆ”.
لەبارەی كەمكردنەوەی نرخی گەشتە ناوخۆییەكانیش كە لەم ماوەیەی دواییدا وەزیری گواستنەوەی حكومەتی فیدراڵ باسی كردبوو، بەڕێوەبەری گشتی فڕۆكەخانەی سلێمانی پێیوایە، قسەیەكی زۆر كراوە لەو بارەیەوە، بەڵام هێشتا ئەو قسانە نەچوونەتە بواری جێبەجێكردنەوە، هیواشی خواست لە داهاتوودا گەشتە نێوخۆییەكان لەنێوان شارەكاندا بە كەمترین نرخ دیاریی بكرێت، چونكە بەبۆچوونی ئەو، گەشتە هەواییەكان كاتێكی زۆر هاووڵاتیان دەگێڕنەوە و لە ئامرازەكانی تری گواستنەوەش سەلامەتترن.
خهڵك