هونەرمەندێكی شاری سلێمانی ئەزموونێكی نوێی كاری هونەری و فۆتۆگرافی تاقی دەكاتەوە، ئەویش دروستكردنی وێنەی سێ رەهەندی ناسراو بە 3D، ئەوەش یەكەم ئەزموونی لەو شێوەیەیە لە عێراقدا تاقی دەكرێتەوە.
پەیام ئاوات تەمەن ٢٥ ساڵان كە خاوەنی بیرۆكەكە و پڕۆژەكەیە، پێش دوو مانگ دەستی بە كردنەوەی ستۆدیۆیەكی تایبەت بەو كارە كرد و لەئێستادا كارەكەی گەیشتووەتە كۆتایی و دەستی بە كاركردن كردووە، وەك خۆی دەڵێت لەسەرەتاوە كارێكی زەحمەتە، بەڵام پێشوازی باشی لێكراوە.
پەیام ئاوات وتی “كارەكانم سێ بابەت لەخۆ دەگرن، یەكەم كە بابەتێكی نەرمە و خوورییە بەتەواوەتی كاری دەستییە، ئەوەی دووەم وەك گەچ دەردەچێت و كاری ئامێر و دەستیشی تێدایە، بابەتی سێیەم كە كاری لەسەر دەكەم وەك پلاستیك دەردەچێت و كاری ئامێر و دەستی پێكەوەیە”.
كارەكانی پەیام لە رێگەی ستۆدیۆیەكەوە ئەنجام دەدرێت كە ٣٦ كامێرای لە هەموو لاكانەوە تێدا جێگیر كراوە و لە ماوەیەكی كەمدا وێنەكە دەچركێنێت، دواتر لە رێگەی ئامێرێكی تایبەتەوە وێنە سێ رەهەندییەكە دروست دەكات.
ئەو وتی، “ئەو ستۆدیۆیەی هەمانە سیدی سكانەرە و لە كۆمەڵێك كامێرا پێكهاتووە و لە هەموو زاوییەكانەوە 36 كامێرا دانراوە و وێنەكان دەگرن، دواتر لە رێگەی پڕۆگرامی تایبەت بەخۆیەوە و بە گرافیك وێنەكان یەكدەخرێن و وەك سكانی لێدێت”.
سەبارەت بە نرخی وێنە سێ رەهەندییەكان، خاوەنی پڕۆژەكە وتی، “رەنگە بەلای خەڵكەوە زۆر بێت، بەڵام كارەكە كارێكی زەحمەتە و نرخەكان بەپێی ماددە و قیاس و شێوازی وێنەكان دەگۆڕێت”.
پەیام باس لەوەش دەكات، تا ئێستا پێشوازی هاووڵاتیتان لە كارەكەی كە كارێكی نوێیە لە هەرێم و عێراقدا باش بووە، ژمارەیەكی زۆر لە هونەرمەندان و هاووڵاتییان سەردانیان كردووە، ئەو كەسانەشی كە ئاهەنگی هاوسەرگیری و دەرچوونی زانكۆ و بۆنەیەكیان هەیە زیاتر خواستیان لەسەر وێنەكان هەیە.