ڕۆژانە نزیکەی 300 بارهەڵگر بە دەروازەی باشماخدا تێدەپەڕن

بەڕێوەبەری گومرگی باشماخ دەڵێت ڕۆژانەی زیاتر لە 280 بارهەڵگر بە دەروازەی سنووری باشماخدا تێدەپەڕن کە لەو ڕێژەیەش 150 بارهەڵگر لە ئێرانەوە بەرهەمی ئێرانی ڕەوانەی بازاڕەکانی هەرێم دەکەن.

ئەفشین شەعبانی بەڕێوەبەری گومرگی باشماخ لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند ڕۆژانە مامناوەندی 300 بارهەڵگر بە دەروازەی سنووری باشماخدا تێدەپەڕن کە بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە ئێرانەوە بۆ هەرێمی کوردستان یان بەپێچەوانەوە دەبێت.

ناوبراو زیادی کرد ڕۆژانە نزیکەی 400 گەشتیاریش لەو سنوورەوە دەکەنە ئەوبەرەوە کە ئاماری هاتوچۆی گەشتیارەکان لە بەهار و هاویندا هەندێک لە ڕۆژەکان تا 2000 کەسیش گەشتووە.

ئێستا چەندین گومرگی کارا لە پارێزگای کوردستان هەن کە سنووری هاوبەشیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە ئەوانەش بریتین لە باشماخی مەریوان و سەیرانبەندی بانە و سێفی سەقز کە کار بۆ بەفەرمی کردنی سەیرانبەند و سێف دەکرێت.