بانکی ناوەندی چین ئاشکرای کرد لە یەدەکی دراوی بیانیدا ژمارەی پێوانەییان شکاندوە و ئێستا خاوەنی (3.119) ترلیۆن دۆلارن.
ئەمڕۆ دوشەممە، بانکی ناوەندیی چین بڵاوی کردەوە؛ لە مانگی حوزەیراندا بڕی (18.23) ملیار دۆلار یەدەگی دراوی بیانییان زیادی کردوە، بەوەش ئاستی یەدەگی دراوی بیانی لە بانکی ناوەندی گەیشتوە (3.119) ترلیۆن دۆلاری ئەمەریکی.
شارەزایانی بواری ئابوری بە ئاژانسی رۆیتەرزیان راگەیاندوە؛ یەدەگی دراوی بیانی ئەو وڵاتە بەشێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو زیادیکردوە، پێشبینیان کردوە تا ناوەڕاستی ئەمساڵ یەدەگی دراوی بیانی چین بە رێژەی دو ملیار دۆلار زیاد بکات و بگاتە (3.103) ترلیۆن دۆلار، بەڵام گەشەی ئابوری و یەدەگی دراوی چین پێشبینی نەکراوە.
بانکی ناوەندی چین بڵاوی کردوەتەوە، لەگەڵ زیادبونی یەدەگی دراوی قورس، یەدەگی زێڕیش لە بانکی ناوەندی گەیشتوەتە (87.27) ملیار دۆلار، لەکاتێکدا مانگی ئایار بە بەهای (79.83) ملیار دۆلار یەدەگی زێڕی هەبوە.
چین لەسەر ئاستی جیهان یەکەم وڵاتە لە روی یەدەگی دراوی بیانییەوە و دوای ئەویش ژاپۆن دێت کە بڕی (1.256) ترلیۆن دۆلاری هەیە، عێراقیش لە ریزبەندی سی و پێنجەمین وڵاتی جیهانە و بەپێی ئاماری بانکی ناوەندی عێراق مانگی نیسان یەدەگی دراوی قورسی وڵات گەیشتوەتە (62) ملیار دۆلار.