“له‌م مانگه‌دا پڕۆژه‌ی شه‌قامی 100 مه‌تری سلێمانی ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر ڕێچكه‌ی كاركردن”

ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی ئاشكرایكرد، “له‌م مانگه‌دا پڕۆژه‌ی شه‌قامی 100 مه‌ترسی سلێمانی ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر ڕێچكه‌ی كاركردن”.

 ڕه‌مه‌زان نامیق، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی ڕایگه‌یاند، ”له‌م مانگه‌دا پڕۆژه‌ی شه‌قامی 100 مه‌تری سلێمانی ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر ڕیچكه‌ی كاركردن و به‌ڵێندراوه‌ به‌رله‌ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ست به‌ كاره‌كانی بكرێت، ئه‌وه‌ش به‌گوێره‌ی لێدوانی ناوبراو بۆ ڕادیۆی ترافیك ئێف ئێم”.

ڕه‌مه‌زان نامیق باسی له‌وه‌كرد، دیزاینی پڕۆژه‌كه‌ بڕی دوو ملیۆن دۆلاری تێچووه‌ و زۆر خزمه‌تگوزاریی گرنگی تیادایه‌، ته‌نانه‌ت حساب بۆ ئه‌وه‌ كراوه‌ فڕۆكه‌ بتوانێت له‌سه‌ر ئه‌و شه‌قامه‌ش بنیشێته‌وه‌.

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی ورده‌كاریی زیاتری له‌باره‌ی پڕۆژه‌كه‌وه‌ باسكردو وتی، به‌سێ قۆناغ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كه‌ ده‌ستپێده‌كات و له‌قۆناغی یه‌كه‌مدا ئه‌و به‌شه‌ ده‌ستپێده‌كات كه‌ لە تاسڵوجەوە دەستپێدەکات و لە پشت فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە درێژدەبێتەوە تاوەکو دەگاتە زڕگوێز و سەر رێگەی عەربەت، چونكه‌ ئه‌و زه‌وییانه‌ی ئه‌و سنوره‌ نه‌توانراوه‌ زیاده‌ڕه‌وی بكرێته‌ سه‌ر، به‌ڵام نیگه‌رانیی خۆی نیشاندا له‌وه‌ی له‌و دوو به‌شه‌ی دیكه‌ی سلێمانی كه‌ له‌ پڕۆژه‌كه‌دا هاتووه‌ وه‌ك خۆی جێبه‌جێناكرێت، چونكه‌ له‌و دوو شوێنه‌دا زیاده‌ڕه‌ویی زۆر كراوه‌ و شه‌قامی 100 مه‌تری بۆ 30 مه‌تر بچوكده‌كاته‌وه‌.